TR KU SO
FB X
Kurdistan

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ مەکتەبی سیاسیی پارتی کۆ بوویەوە

Navas Jan
Admin
📅 05 Mayıs 2021 17:06

 

پەیامی کورد … سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ مەکتەبی سیاسیی پارتی کۆ بوویەوە

 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان، لەگەڵ مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆ بوویەوە.

 

سەرلەبه‌يانيى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ ٥ی ئایاری ٢٠٢١، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان بە یاوەریی شێخ جەعفەر شێخ مستەفا و مستەفای سەید قادر، جێگرانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەردانی مەکتەبی سیاسیی پارتی لە پیرمام، کرد.

 

دوێنێش، نێچیرڤان بارزانی سەردانی شاری سلێمانی کرد و لەگەڵ سەرکردایەتیی بزووتنەوەی گۆڕان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و محەمەدی حاجی مەحمود، سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، کۆ بووەوە.

 

بەپێی زانیارییەکان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەو کۆبوونەوانەیدا لەگەل لایەنە سیاسییەکان، باس لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق (بڕیارە لە رۆژی 10-10-2021 بەڕێوە بچێت)، یەکگوتاریی کورد لە بەغدا، پەیوەندیی نێون لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان و پرۆژەیاسای دەستووری هەرێمی کوردستان، دەکات.

 

نێچیرڤان بارزانی لە سەردانەکەیدا بۆ سلێمانی، بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: "دەمانەوێ لەگەڵ حزبەکان هەوڵی جددی بدەین بۆ ئەوەی ئەو کێشانەی لە هەرێم هەن کەمیان بکەینەوە. هەروەها هەوڵبدەین لەسەر پرسی دەستوور بیروبۆچوون ئاڵوگۆڕ بکەین".

 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە، کە بە یەکهەڵوێستیی لایەنە کوردستانییەکان لە بەغدا، ”دەتوانین دەستکەوتەکان لە بەغدا بەدەستبێنین، ئەگەر پەرتەوازەبین بێگومان هەرێمی کوردستان زەرەرمەندی یەکەم دەبێت، هەموو هەوڵەکانی سەرۆکایەتی هەرێم بۆ ئەوەیە یەکڕیزی لەنێوان لایەنەکان دروست بکەین".

 

لەبارەی پرۆژەیاسای دەستووری هەرێمی کوردستانەوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: ”خەریکی گفتوگۆین لەگەڵ هەموو هێزەکان، دواتر میکانزمێک دادەنێین، کە ئەمە ئیشی پەرلەمانی کوردستانە، بەڵام هەوڵی جددی هەیە بۆ ئەوەی پرسی دەستوور جێبەجێ بکرێت".

 

هەر بۆ ئە مەبەستانە، رۆژی دووشەممە 3-5-2021، نێچیرڤان بارزانی لە هەولێر لەگەڵ عەلی باپیری ئەمیری کۆمەڵی دادگەری و سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدینی ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان کۆ بووەوە.

Paylas: