سەرۆکى هەرێمى کوردستان پێشوازى لە کونسولى نوێی ئەمریکا کرد
پەیامی کورد … سەرۆکى هەرێمى کوردستان پێشوازى لە کونسولى نوێی ئەمریکا کرد
ئەمڕۆ سێشەممە ١٣ی تەمووزی ٢٠٢١، نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان پێشوازیى لە رۆبێرت پالادینۆ، کونسولى گشتیى نوێی ئەمریکا لە هەرێمى کوردستان کرد.
لە دیدارێکدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەخێرهاتن و پیرۆزبایى دەستبەکاربوونى لە کونسولى گشتیى نوێی ئەمریکا لە هەرێمى کوردستان کرد، هیواى سەرکەوتنى بۆ خواست و هەموو پشتگیرییەکى بۆ سەرکەوتنى ئەرکەکەى نیشان دا و دووپاتى کردەوە کە هەرێمى کوردسان بە بایەخەوە لە پەیوەندییەکانى لەگەڵ ئەمریکا دەڕوانیت و خوازیارى پەرەپێدانى زیاترى پەیوەندییەکان و بوارەکانى هاریکارى و هاوبەشیى نێوانیانە و وەک هەمیشە فاکتەرى ئارامى و سەقامگیرى لە عیراق و ناوچەکە دەبێت.
لای خۆیەوە کونسولى گشتیى نوێی ئەمریکا لە هەرێمى کوردستان، وێڕاى خۆشحاڵى بە دەستبەکاربوونى، پەرۆشیى خۆى بۆ کارکردن و برەودان بە بوارەکانى هاوبەشی لەگەڵ هەرێمى کوردستان نیشان دا و خواستى ئەمریکاى بۆ بەردەوامیى پەیوەندییەکان و برەودان بە بوارەکانى هاوبەشى لەگەڵ هەرێمى کوردستان دووپات کردەوە.
دۆخى عێراق و هەرێمى کوردستان بەگشتى، هەڵبژاردنەکانى داهاتووى عێراق، دەرفەت و تەحەددییەکان، هەڕەشە و مەترسییەکانى تیرۆر، بەرەنگاربوونەوەى داعش و چەند پرسێکى دیکەى جێى بایەخى هاوبەش، بەشێکى دیکەى دیدارەکە بوون.