سەرۆك بارزانی و باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق ، لە سەر دوا پێشهاتەکانی ناوچەکە کۆبوونەوە
پەیامی کورد ... سەرۆك بارزانی و باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، لە دیدارێكدا بارودۆخی سیاسی و دواگۆڕانكارییەكانیان لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیدا، تاوتوێ كرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە 17ـی 7ـی 2019 لە سەڵاحەددین، سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازیی لە جۆن ویلكس، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق كرد.
لە دیدارەكەدا، كە جێمس سۆرنتۆن، كۆنسووڵی گشتی نوێی بەریتانیا لە هەولێریش ئامادە بوو، باڵیۆزی بەریتانیا خۆشحاڵی خۆی ڕاگەیاند بەو گۆڕانكارییە ئیجابییانەی كە لە پڕۆسەی سیاسی هەرێمی كوردستان و هەروەها پێشەوەچوونی پەیوەندی و دانوستانەكانی نێوان هەولێر و بەغدا ڕوویان داوە و بە مایەی ئومێدی وەسف كرد.
باڵیۆزی بەریتانیا، هەروەها پاڵپشتی ووڵاتەكەیشی بۆ حكوومەتی تازەی هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە و ئاماژەیشی بە ویستی بەریتانیا دا لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان و عێراق.
لای خۆیەوە، سەرۆك بارزانی پەیوەندی و هەماهەنگی نێوان هەرێمی كوردستان و بەریتانیای بە گرینگ ناو برد و هیوای خواست ئەو پەیوەندییانە بەرەو پێشەوە بچن و هیوای سەركەوتنیشی بۆ كۆنسووڵی گشتی تازەی بەریتانیا لە هەولێر خواست لە ئەرك و كاری نوێیدا.
بارودۆخی سیاسی و دواگۆڕانكارییەكان لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی و هەروەها تاوتوێكردنی هەڕەشەكانی تیرۆریستانی داعش و مەترسی دووبارە دەركەوتنەوەیان، تەوەری تری ئەو كۆبوونەوەیە بوون.