سەرۆكی ئەنستیتۆتی پەی گومان لە بڕیارەکەی سەرۆکی پەرلەمان دەکات " بۆچی بە درەنگانی شەوو و نافەرمی "
پەیامی کورد ... سەرۆكی ئەنستیتۆتی پەی گومان لە بڕیارەکەی سەرۆکی پەرلەمان دەکات بۆ لابردنی پارێزبەندییەکەی سۆران عۆمەر
سەرۆكی ئینستتیوتی پەی گومانی هەیە، بۆچی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی لابردنی پارێزبەندی سۆران عۆمەر بە فەرمی بڵاوناكاتەوە، بەتایبەت كە دەنگۆ هەیە پێشتر هەماهەنگی هەبووبێت لەگەڵ جێگری سەرۆكی پەرلەمان لەبارەی دانیشتنەكەی تایبەت بە لابردنی پارێزبەندییەكە.
د. سەروەر عەبدۆلڕەحمان سەرۆکی ئەنستیتۆتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان، كە بەردەوام چاودێریی كارەكانی پەرلەمانی كوردستان دەكات، ، قسەی لەسەر بڕیارەكەی رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمان كرد بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتار سۆران عۆمەر، لەو بارەیەوە رایگەیاند، هەموو بڕیارێكی پەرلەمان پێویستە رێكاری فەرمی خۆی بگرێتەبەر و لە وەقائیعی كوردستان و ماڵپەڕی فەرمی پەرلەمان بڵاوبكرێتەوە.
د. سەروەر ووتیشی، زانیاری هەیە سەرۆكی پەرلەمان بڕیارەكەی دەركردووە و خۆشی باسیكردووە، بەڵام لە هۆكاری ئەوە تێناگەن، كە بۆچی بە فەرمی بڵاوینەكردووەتەوە؟ بۆیە ئەوە پرسیار دروست دەكات.
سەرۆكی ئەنستیتۆتی پەی باسی لەوەشكرد، دەنگۆیەك هەیە سەرۆكی پەرلەمان جۆرێك لە هەماهەنگی لەگەڵ جێگری سەرۆك و سكرتێری پەرلەماندا هەبووبێت لەبارەی دانیشتنی تایبەت بە هەڵگرتنی پارێزبەندییەكە، بۆیە كاتێك سەرۆك پەرلەمان ئێستا بڕیارێكی لەو جۆرە دەردەكات، بۆ دەبێت بیشارێتەوە؟
ووتیشی، بڕیارەكەی سەرۆكی پەرلەمان تەنها وێنەیەكی هەیە و لای خۆیەتی، تەنانەت وێنەیەكی بڕیارەكە نەدراوە بە خودی پەرلەمانتار سۆران عۆمەر، بۆیە ئەوە دەمانخاتە گومانەوە.