TR KU SO
FB X
Kurdistan

سەرۆكی ھەرێمی كوردستان و ھەر سێ سەرۆكایەتی عێراق گەیشتوونەتە رێككەوتن بۆ چارەكردنی پرسی نەوت

سارا
Yazar
📅 03 Temmuz 2019 14:38

پەیامی کورد    ...    سەرۆكی ھەرێمی كوردستان و ھەر سێ سەرۆكایەتی عێراق گەیشتوونەتە رێككەوتن بۆ چارەكردنی پرسی نەوت .

بڕیارە رۆژانی داھاتوو شاندێكی بەغدا لەبارەی چارەكردنی پرسی نەوت و گاز سەردانی ھەرێمی كوردستان بكات، ئەندامێكی كورد لە لێژنەی نەوت و گازیش دەڵێ، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان و ھەر سێ سەرۆكایەتی عێراق گەیشتوونەتە رێككەوتن بۆ چارەكردنی پرسی نەوت.

دكتۆر ئارام باڵەتەیی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ، ڕایگەیاند: "دانووستانەكانی نێوان ھەرێمی كوردستان و بەغدا لەبارەی چارەكردنی پرسی نەوت و گاز بەردەوامییان ھەیە و لە سەردانی پێشووی سەرۆكی ھەرێمی كوردستاندا بۆ بەغدا، داوای كردبوو شاندێكی بەغدا سەردانی ھەرێمی كوردستان بكات بۆ ئەوەی لێكتێگەیشتن ھەبێت لەسەر دۆسیەی نەوت و گاز، تا وردەكارییان لابێت، لەو چوارچێوەیەدا بڕیارە شاندێك لە ئەندامانی لیژنەی نەوت و گاز لەگەڵ حكوومەتی فیدڕاڵ پێكەوە لێژنەیەك پێك بێنن و سەردانی ھەرێمی كوردستان بكەن".

ئەندامەكەی لیژنەی نەوت و گاز دەشڵێت: " لێژنەكەی بەغدا ڕاپۆرتێك لەبارەی كەرتی نەوت لە ھەرێمی كوردستان ئامادە دەكات، چوونكە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ئامادەیی دەربڕیوە بۆ ئەوەی رۆژانە ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت وەك ئەوەی لە یاسای بودجەی ئەمساڵدا ھاتووە، ڕادەستی بەغدا بكات".

باڵەتەیی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "ھەندێ كێشەی تەكنیكی و یاسایی ھەن لە دۆسیەی رادەستكردنی نەوتی ھەرێمی كوردستاندا، بۆیە كار بۆ ئەوە دەكرێت ئەو كێشانە چارە بكرێن و ھەرێمی كوردستانیش ھاوكار دەبێت لە چارەسەركردنی پرسی نەوت لەگەڵ حكووكەتی فیدڕاڵ".

دكتۆر ئارام باڵەتەیی، زانیاری نوێی لەبارەی ڕادەستكردنی نەوتی ھەرێمی كوردستانەوە ئاشكرا كرد و ووتی: "بەپێی یاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٩، پێویستە رۆژانە ھەرێمی كوردستان ٢٥٠ ھەزار بەرمیل رادەستی كۆمپانیا سۆمۆ بكات، بەڵام مەرج نییە بۆ ساڵی ئایندە ٢٠٢٠ ئەو ژمارەیە جێگیر بكرێت و پێشبینی دەكرێت گۆڕانكاری لە ڕادەستكردنی نەوتدا بكرێت، رێككەوتنێكی سەرەتایی لە نێوان سەرۆكی ھەرێمی كوردستان و ھەر سێ سەرۆكایەتی عێراقدا ھەیە بۆ چارەكردنی كێشەی نەوت و گاز بە شێوەیەكی یەكجاری، چونكە چەندین ساڵە بە ھەڵواسراوی ماوەتەوە".

Paylas: