TR KU SO
FB X
Kurdistan

سەرۆک نێچیرڤان بارزانى پشتگیری لە ئەرکى یوونیتاد دەکات

سارا
Yazar
📅 22 Temmuz 2020 20:22

پەیامی کورد      ...    سەرۆک نێچیرڤان بارزانى پشتگیری لە ئەرکى یوونیتاد دەکات

نیوەڕۆى ئەمڕۆ چوارشەممە 22/7/2020 نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە کەریم خان، ڕاوێژکارى تایبەتى تیمى نێودەوڵەتی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانى داعش (یوونیتاد) کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا دوایین هەنگاوەکانى کار و ئەرکى یوونیتاد و کاریگەری بڵاوبوونەوەى پەتاى ڤیرووسى کۆرۆنا لەسەر کارەکانیان تاوتوێ کرا و هەردوولا جەختیان لە گرینگی هەماهەنگی عێراق و هەرێمى کوردستان لەگەڵ تیمەکەیان کردەوە لەپێناو دابینکردنى دادپەروەرى بۆ قوربانیانى دەستى داعش و دادگاییکردن و بەسزاگەیاندنى تاوانباران کە دەبێتە هۆکارێکى دروستبوونەوەى متمانە و ڕێخۆشکەر دەبێت بۆ سەقامگیرى و پێکەوەژیان و ئاوەدانکردنەوەى ناوچە زیانبەرکەوتووەکان و گەڕانەوەى ئاوارەکان.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، وێڕاى دووپاتکردنەوەى پشتگیری بۆ کار و ئەرکى یوونیتاد، ئامادەیی هەرێمى کوردستانى بۆ کارکردن لەگەڵ تیمەکە و حکوومەتى فیدرالى عێراق بۆ سەرخستنى ئەرکەکەیان دووپات کردەوە، هەروەها دەستخۆشى لێکردن و هانیدان بۆ جێبەجێکردنى بەرنامەى یوونیتاد بەپێى کات و خشتەى دەستنیشانکراویان کە لە بەرژەوەندیى هەموو پێکهاتەکانى عێراقدایە بەوپێەى هەمووان قوربانی دەستى داعشن.

هەموارکردنەوەى یاساى پەیوەندار بۆ بەڕێوەچوونى پرۆسەى دادگاییکردنى تاوانباران، بایەخدان بە لایەنى پەروەردەیى بۆ قووڵکردنەوەى پێکەوژەیان و لێبوردەیى و ڕێگرى لە دووبارەبوونەوەى تاوانەکان، پرۆسەى کۆکردنەوەى بەڵگەکانى تاوان و بەئەلەکترۆنیکردنیان، ڕاهێنانى دادوەران و کارکردن بەپێى ستانداردە نێودەوڵەتییەکان، چەند تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکە بوون کە تیایدا کەریم خان سوپاسى پشتگیری سەرۆک نێچیرڤان بارزانى و هاوکارى و هەماهەنگی هەرێمى کوردستانى بۆ ئەرک و کارەکانیان دووپات کردەوە.

Paylas: