TR KU SO
FB X
Kurdistan

سەرکردەیەکی رۆژهەڵاتی کوردستان: ریفراندۆمی سەربەخۆیی جۆرێکی نوێی خەبات بوو

PeyamaKurd
Editor
📅 25 Eylül 2019 17:19

پەیامی کورد    - سەرکردەیەکی رۆژهەڵاتی کوردستان پەیامێک لە ساڵیادی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانەوە بڵاو دەکاتەوە و رایدەگەیەنێت، ریفراندۆم جۆرێکی نوێی خەباتی گەلی کوردستان بوو.

عارف باوەجانی، سەرۆکی پارتی سەربەستیی کوردستان، لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، رایگەیاندووە، رۆژی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، ”یەکێکە لە پیرۆزترین رۆژەکانی مێژووی خەباتی کوردستان“.

عارف باوەجانی هەروەها رایگەیاندووە، ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان ”فایلێکی ئامادەکراوە“ و لە ئەگەر و هەلی پێشهاتوودا، گەلی کوردستان سوودی لێوەردەگرێت.

ئەو سەرکردەیەی رۆژهەڵاتی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە، کە ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان ”یەکەمین جۆری خەباتێکی نوێ“ی گەلی کوردستان بوو لە دژی داگیرکاری و ”باشترین سەرکەوتن و دەسکەوتیشی لە مێژووەکانی ئایندەدا، بە شوێندا دێت“.

رۆژی 25ـی ئەیلوولی 2017، هاووڵاتییانی باشووری کوردستان بۆ بەشداریکردن لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان.

دوای جیاکردنەوەی دەنگەکان، دەرکەوت زیاتر لە %92ـی هاووڵاتییانی کوردستان دەیانەوێ کوردستان لە عێراق جیا بکرێتەوە و سەربەخۆیی خۆی رابگەیەنێت.

ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، کە سەرۆک بارزانی رێبەرایەتی و جەختی لەسەر ئەنجامدانی دەکردەوە، بە ڕای زۆرینەی سیاسەتمەدارانی کورد رووداو و شۆڕشێکی گەورەی نەتەوەیی بوو لە مێژووی گەلی کوردستان و تا هەتایە کوردستانییەتی کەرکووک و هەموو ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی دەرەوەی هەرێمی کوردستانی، سەلماند.

 

Basnews

Paylas: