سەردانی شاندەکەی هەرێم لە سەر داوای بەغدا دوا خرا
پەیامی کورد ... سەردانی شاندەکەی هەرێم لە سەر داوای بەغدا دوا خرا
سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا دەڵێ، هۆكاری دواخستنی سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا، لەسەر داوای بەغدا بووە. دڵنیاییشی دا كە لیژنەی هەرێمی كوردستان لە سەردانی داهاتوودا نیەتی رێككەوتنی كۆتاییان هەیە.
فارس عیسا، سەرۆكی نوێنەرایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا، رایگەیاند، كە هۆكاری دواخستنی سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا، لەسەر داوای حكوومەتی عێراق بووە، ئەویش بەو پێیەی كە تیمی خۆیان ئامادە نەكردووە، ئەوەش لە كاتێكدایە بڕیار بوو ئەمڕۆ چوارشەممە لیژنەی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی نەوت و داهات و ناردنی شایستە داراییەكانی هەرێم، سەردانی بەغدا بكەن.
ناوبراو هۆكارەكەشى بۆ خۆئامادەنەكردنی وەزیری نەوتی عێراق گەڕاندەوە، بەو پێیەی ماوەیەكی زۆر ئەو وەزارەتە وەزیری نەبووە، گەر وەزیرەكەی زوو دەستبەكار بووایە، ئەوا ئامادە دەبوون، سەبارەت بە وادەی سەردانیكردنی لیژنەی هەرێم بۆ بەغدا، ئاماژەی بەوە دا، كە تا ئێستا دیاری نەكراوە كەی دەبێت، جەختیشی لەوە كردووە، كە حكوومەتی هەرێم نیەتی رێككەوتنی لەگەڵ بەغدا هەیە.