TR KU SO
FB X
Kurdistan

شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا: ئیتر بەسە بێ دەنگی و خۆ سوک کردن

📅 11 Mart 2018 15:51

شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا په‌رله‌مانتاری پارتی له‌ پەرلەمانی عێراق لە وتارێكدا بەناوی "ئیتر بەسە بێ دەنگی و خۆ سوک کردن"، نووسیویەتی "موستەحیلە" بەرهەم ساڵح پۆستی سەركۆمار وەربگرێ و كوردیش چیتر دەنگی بۆ ئەم كورسیە بێ كەلكە بەفیڕۆ نادات.

 

شاخەوان عەبدوڵا كە لەسەر شاری كەركووك ئەندامی پەرلەمانی عێراقە، وتارەكەی لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوكدا بڵاوكردووەتەوە و تیایدا دەڵێ "ئیتر به‌سه‌ خۆسوككردن و بێده‌نگبوون له‌ به‌رده‌وامی دەستدرێژییه‌كان بۆ سەر یاسا و فیدڕاڵیەت و هاووڵاتیبوون".

ئاماژەشی بەوە داوە كە نابێ ئەو پێشێلكارییە دەستووری و یاساییانەی عەبادی لە دژی كورد دەیکات، هەر وا بەسەریدا تێبپەڕێت، هەموو ئەو بڕیارانەی داویەتی نادەستووریین و دەستدرێژیین بۆ سەر یاسا و فیدڕالیەت و هاووڵاتیبوون.

هەروەها بە توندی رەخنەی لە هەڵوێستی لیستی ئەو هاوپەیمانیەتییە گرتووە كە بەرهەم ساڵح دروستی كردووە و لەم بارەیەوە نووسیویەتی "دیارە زۆر جار باس لەوە دەکرێت دكتۆر بەرهەم لەسەر مەوزوعی مووچە لەگەڵ عەبادی بە تەلەفۆن قسەی كردووە، من لێرەوە بە د. بەرهەم دەڵێم بەسە ئەوەندە سووككردنی كورد و داواكارییەكانی گەلی كوردستان، ئایا كێشەی كورد مووچەیە؟ باشە د. بەرهەم بۆ چی تەنها جارێكێش باسی داگیركاریی كەركووك و شوێنەكانی تر ناكەی؟ بۆ جارێك بە عەبادی ناڵێی بۆ ئەو هەموو پێشێلكارییە دەستوورییە لە دژی كورد ئەنجام دەدەی؟ ئەوە دە ساڵە بەر لە جەنابیشت بە تەلەفۆن و بە دانوساندن لەبارەی مووچە و كێشەكانی تر قسە لەگەڵ عەبادییەكان كراوە و وەڵامیان تەنیا كات كوشتن و سووكایەتی بووە، ئەگەر مەبەستت ئەوەیە ببیتە سەرۆك كۆمار، ئەوە با باش بزانی كە موستەحیلە بكرێیتە سەرۆك كۆمار، كورد ئەزموونێكی تاڵی لەگەڵ سەرۆك كۆمارەكان هەیە و چیتر دەنگی خۆی بۆ كورسییەكی بێكەلك بە فیڕۆ نادات".

شاخەوان عەبدوڵا ئەوەشی نووسیوە كە حكوومەتی عێراق و هەمیش بەشێک لە حزبەکانی كوردستان كار بۆ ئەوە دەكەن كە گەورەترین كێشەی كورد مەسەلەی مووچەیە، خەریكە ئەو فەرهەنگە لەناو خەڵكدا بچەسپێنن كە سەد ساڵ قوربانیدانی گەلی كوردستان فەرامۆش بكرێت و هەموو شتێك لە مووچەدا كورت بكرێتەوە، پێویستە ڕێگە لەوە بگیرێ كە ئەو فەرهەنگە بچەسپێندرێ.

Paylas: