شەپۆلێکی باران و هەورە بروسکە هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە
پەیامی کورد... شەپۆلێکی باران و هەورە بروسکە هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە
پێشبینی دە کرێت لە ئێوارەی ڕۆژی هەینییەوە هەرێمی کوردستان و ناوچەکە بکەوێتە ژێر کاریگەری شەپۆلێکی باران و هەورە بروسکەوە.
ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، شەپۆلەکە سەرەتا لە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری پارێزگای دهۆک و هەولێر کاریگەری دەبێت تا ڕۆژی یەکشەمە ٢٠-٢-٢٠٢٢ بەشێوەی بارانی پەرتەوازە و چالاکبوونی هەورە بروسکە لە هەندێک کاتدا.
دەشڵێت، لە ڕۆژانی یەکشەممە و دووشەممەدا ٢١-٢-٢٠٢٢ نزمە پاڵەپەستۆ یەکی ناجێگیری دیکە بە هاتنی شێ و گەرمی لە دەریای سوور کار دە کاتەوە سەر کەشی ناوچەکە، بەتایبەت بۆ سەر ناوچەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و کەرکووک و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین کاریگەری زیاتر دەبێت هاوشێوەی حاڵەتی یەکەم بارانەکان پەرتەوازە و ناجێگیر دەبن لە ناوچەکەدا بەشێوەی چالاکبوونی هەورە بروسکە و تاوە بارانی بەخور و لەناکاو لە هەندێک کاتدا وە زیادبوونی خێرای با، پلەکانی گەرماش لەو ماوەیەدا بە بەرزی و جێگیری دەمێنێتەوە بەهۆی نەبوونی بارستە هەوای سارد و کاریگەری ئەو شێ و گەرمیەی ڕوو دەکاتە ناوچەکە.
بەپێی پێشبینییەکان، لە کۆتایی هەفتەی ئایندەشدا ڕۆژی هەینی ٢٥-٢-٢٠٢٢ ئەگەری هاتنی شەپۆلێکی مامناوەندی باران بارین هەیە لەگەڵ نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما و بارینەوەی بەفر لە ناوچە شاخاوییەکاندا.