TR KU SO
FB X
Kurdistan

شەنگالییەکان بە مەرج دەگەڕێنەوە شەنگال

سارا
Yazar
📅 21 Nisan 2020 21:21

ەیامی کورد    ...    شەنگالییەکان بە مەرج دەگەڕێنەوە شەنگال 

شەنگالییەکان پێیان وایە، هیچ جارێک ناگەڕێنەوە شارەکەیان تا دڵنیایییان نەبێ بۆ پاراستنیان، چوونکە ئەوان تاقەتی کۆمەڵکوژی و شەڕ و مەترسییان نییە و هەموو هیوایەکیان ئەوەیە کە پاراستوو بن.

ئەلیاس عەبدوڵڵا، خەڵکی کۆمەڵگای گرعزێرە، کە دەکەوێتە باشووری قەزای شەنگال، دەڵێ: "دەبێ سەرەتا خزمەتگوازی بۆ شارەکە دابین بکریت و دواتر خەڵک بڕۆنە شارەکە، ئەو شارە وێرانە و نازانین بچینە کوێ."

ناوبراو، ڕایگەیاند : ''خۆ ئەگەر شارەکەمان هەمووی ئاوەدان بێت و هیچ خزمەتگوزاریی نەبێت ئەی چی لەو شارەکە بکەین، ئەگەر شارەکە یەک بستی ئەمنی نەبێت، ئێستا دەیان گرووپ و ئاڵا لە شەنگال هەن."

ناسر شەهوانی، خەڵکی تلبەنات، کە دەکەوێتە باشووری قەزای شەنگال، دەڵێ: "شارەکەمان هەمووی کاول بووە، جگە لەوەش، ئەوانەی دەستیان بە خوێنی ئێزدیان سوورە ئێستا هەموویان لە دەورووبەری شارەکەمانن، هیشتا شارەکە لە مەترسییەکی گەورەدایە."

شەهوانی ڕایگەیاندووە : ''تا گەرەنتی ئەمنیمان نەبێ، ئەوها ناگەڕێینەوە، چوونکە بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی مەترسی نەبینەوە، دەبێ بە سەرپەرشتی نێودەوڵەتی خەڵک بگەڕێتەوە."

قادر قاچاخ، بەرپرسی لقی ١٧ی پارتیش لە شەنگال دەڵێ: "پرسی گەڕانەوەی شەنگالییەکان پرسی شەرعییە، بەڵام خۆ هیچ ئیدارەیەکی شەرعی لە شەنگال نییە، خەڵک نازانن کامە لەو شارە شەرعییەتی هەیە، چوونکە ئیدارەی شەرعی لەوێ نییە."

قاچاخ،ڕایگەیاند : ''خەڵک ژیانی کەمپەکانیان هەڵبژاردووە، بەڵام ئامادە نین بگەڕێنەوە ژێر دەسەڵاتی ئەو هێزانە، چوونکە ئەو هێزانە هیچ متمانەیەکی خەڵکیان نییە، چوونکە زیاتر لە ٨٠%ی خەڵک ئیدارەی شەرعییان هەڵبژاردبوو، بەڵام ئێستا لەوێ نین، بۆیەش خەڵک لەگەڵ گەڕانەوەی پێشمەرگە دەچنەوە شوێنەکانی خۆیان."

پارێزگاری مووسڵ لە سەردانێکی مەیدانیدا بۆ شەنگال گوتی: ''با شەنگالییەکان بگەڕێنەوە، لەگەڵ گەڕانەوەیان شنگال ئاوەدان دەبێتەوە. لەو بارەیەوە قاچاخ، دەڵێ: "با سەرەتا مووسڵ ئاوەدان بکەنەوە دواتر دەست بە ئاوەدانکرنەوەی شەنگال بکەن، پرسی شنگال پرسی گەڕانەوە نییە، پرسەکە ئەوەیە ئەم هێزە داگیرکەرانەی تێدا نەمێنن."

Paylas: