شاندی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان دیسان سەردانی بەغدا دەکاتەوە
پەیامی کورد … شاندی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان دیسان سەردانی بەغدا دەکاتەوە
جێگری سەرۆكوەزیرانی ھەرێمی كوردستان، قوباد تاڵەبانی پابەندبوونی ھەرێمی بە ناوەڕۆك و دەقەكانی یاسای بوودجەی گشتیی عێراق دووپات كردەوە و رایگەیاند: بەم نزیكانە شاندی دانوستانكاری ھەرێم جارێكی دیكە سەردانی بەغدا دەكاتەوە.
بە گوێرەی ئەو هەواڵەی كە لە ماڵپەڕی فەرمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوكراوەتەوە، قوباد تاڵەبانی پێشوازیی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، ستیڤن ھیكی كرد و پێكەوە چەند پرسێكی جێگە بایەخی نێوان ھەردوولایان تاوتوێكرد.
بە گوێرەی راگەیەندراوەكە، لە كۆبوونەوەیەكدا كە ئێوارەی رۆژی چوارشەممە ٢١ی نیسانی ٢٠٢١ بەڕێوەچوو، ھەردوولا جەختیان لە گرنگی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد كردەوە لە عێراق كە خزمەت بە پرۆسەی سیاسی و دیموكراسی بكات.
لەبارەی پەیوەندییەكانی ھەرێم و بەغدا، قوباد تاڵەبانی و ستیڤن هیكی ھاوڕابوون كە پەسەندكردنی یاسای بوودجە بە رەزامەندی ھەولێر و بەغدا دەستپێكێكی گرنگە بۆ چارەسەركردنی كێشە ھەڵپەسێردراوەكانی دیكەی نێوان حكوومەتی ھەرێم و فیدراڵ.
ھەروەھا جەختیان كردەوە لەسەر گرنگیی جێبەجێكردنی یاساكە، و لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی پابەندبوونی ھەرێمی بە ناوەڕۆك و دەقەكانی یاساكە دووپات كردووەتەوە و راشیگەیاندووە بەم نزیكانە شاندی دانوستانكاری ھەرێم جارێكی دیكە سەردانی بەغدا دەكاتەوە.
لەبارەی ناوخۆی كوردستان ھەردوولا ھاوڕابوون لەسەر گرنگی پاراستنی سەقامگیری سیاسیی ھەرێم، باڵیۆزی بەریتانیا پشتگیری وڵاتەكەی بۆ ھەرێمی كوردستان دەربڕی و رایگەیاند لەگەڵ وڵاتانی ھاوپەیمان یارمەتیدەر دەبن بۆ پێشخستنی سەقامگیری سیاسی لە ھەرێمی كوردستان.