شاندەکەی هەرێمی کوردستان بۆ رێککەوتن سەبارەت بە نەوت و بوودجە دەچێتەوە بەغدا
پەیامی کورد ... شاندی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە ٢٥ی ١١ی ٢٠١٩ سەردانی بەغدا دەکاتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ شاندی حکوومەتی عێراق، لەبارەی پرسی نەوتی هەرێمی کوردستان و بوودجەی ٢٠٢٠ی عێراق.
٢٣ ی ئەم مانگە، شاندی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای پایتەختی کرد و لەگەڵ عادل عەبدۆلمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوەوە، بەپێی ووتەی ئەندامانی شاندەکە، گفتوگۆکانی نێوان هەردوولا "قۆناغێکی گرینگ و پێشکەوتویان بڕیوە"، لە کەشێکی ئەرێنی بەڕێوەدەچن.
جوتیار عادل، ووتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوێنێ دوای کۆبوونەوەی سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندی هەرێم بۆ بەغدا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، شاندەکە ئەو پڕەنسیپانەی خستەڕو کە لە ئەنجامی سەردانەکەی گەڵاڵە بوون و دەبنە بنەمای رێککەوتنی کۆتایی پرسی پڕۆژە بوودجەی ساڵی ٢٠٢٠، بەجۆرێک کە بەرژەوەندی هاوبەشی هەردوولا رەچاو بکرێت و مافە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دابینبکرێت کە لە دەستووردا هاتوە لە بەرامبەر پابەندییەکانی هەرێمی کوردستان.
باسی لەوەشکرد، شاندەکە ئاماژەی بەوەدا کە گفتوگۆیان نێوان هەردوولا قۆناغێکی گرینگ و پێشکەوتویان بڕیوە، لە کەشێکی ئەرێنی بەڕێوەدەچن، ئەمڕۆ دووشەممەش دەچێتەوە بەغدا.
هەروەها زانیارییەکان ئاماژە بەوەدەکەن، لە کۆبوونەوەی رابردووی شاندی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقدا گفتوگۆیان کردوە لەبارەی ئەوەی هەرێم ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا بکات و لەبەرامبەر شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.