TR KU SO
FB X
Kurdistan

شاندێكی سویدی پسپۆڕ لە بواری ئاوارە و كۆچبەران ، لەگەڵ بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی كوردستان کۆبوونەوە

سارا
Yazar
📅 01 Nisan 2019 20:36

سوید و ووڵاتانی یەكێتی ئەورووپا هەوڵی مرۆڤدۆستانەی حکوومەتی هەرێم لە هاوكاریكردنی ئاوارەكان بەرز دەنرخێنن

مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی كوردستان و شاندێكی تایبەتی ئاژانسی كۆچبەرانی حکوومەتی شاهانەی سوید، ناسراو بە ''میگراشونسڤێركێت – دەزگای كۆچبەران'' و ئۆفیسی باڵیۆزخانەی ووڵاتی شاهانەی سوید لە هەرێمی كوردستان، لە هەولێری پایتەخت پرسی كۆچبەرانی شەڕ و ئاوارەكانیان لە هەرێمی كوردستان تاوتوێ كرد.

 

شاندێكی سویدیی پسپۆڕی بواری ئاوارە و كۆچبەران، سەر بە ئاژانسی كۆچبەرانی حکوومەتی سوید، بۆ لە نزیكەوە ئاشنابوون بە گرفتی ئاوارەكانی شەڕی داعش لە هەرێمی كوردستان و توێژینەوە و ئامادەكردنی ڕاپۆرتێكی شیكاریی تایبەت بە لێكۆڵینەوە لەقەیرانی ئاوارەكان لەگەڵ بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی كوردستان و شاندی یاوەریدا كۆ بوونەوە و بارودۆخی سیاسی و مرۆیی هەرێمی كوردستان و گۆڕانكارییە ناوخۆیی و ناوچەیی و پرسە نێودەوڵەتییەكان و دواپێشهاتەكانی دوای نەمانی داعش و پرۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ شوێنی پێشوویان خستە بەر باس و گفتۆگۆ.

 

لە گفتۆگۆیەكی كراوەدا لەگەڵ هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی (پ.د.ك) و شاندی یاوەری گوێیان لە دیدگای پارتی دیموکراتی كوردستان و گرنگیی ڕۆڵی هەرێمی كوردستان لەسەر پرسی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی لە دوای هێرش و پەلامارە تیرۆریستییەكانی ڕێكخراوی داعش بۆ سەرناوچەكە و هەرێمی كوردستان ڕاگرت، كە زیاتر لە دوو ملیۆن ئاوارە بە هۆی شەڕ و مەترسی و پەلاماری تیرۆریستی و ویرانكارییەكانی داعش لە شوێنە جیاجیاكانی عێراقەوە ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كرد و هەرێمی كوردستانیان وەك پەناگەیەكی ئارام هەڵبژارد. لە ساڵانی جەنگ لەگەڵ ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعشدا حکوومەتی هەرێمی كوردستان و دامەزراوەكانی، نزیكەی دوو ملیۆن ئاوارەی عێراقی و سوورییان داڵدە دا و لە هەرێم ڕێزیان لێ گیرا و ژیان و گوزەرانێكی شایستەیان بۆ دابین كردن. هەروەها سەرەڕای شەڕ و پەلامارە تیرۆریستییەکانی داعش بۆ سەر هەرێمی كوردستان بەشەبوودجەی هەرێم و مووچەی پێشمەرگە و كارمەندانی دامەزراوەكانی حکوومەتی هەرێم لە لایەن بەغداوە بڕدرا و عێراق بە فراوانی مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستانی پێشێل كرد، كە بەو هۆیەوە هەرێمی كوردستان سەختترین بارۆدۆخی تێ پەڕاند.

 

سەرەڕای ئەوەی داعش شەڕێكی خوێناویی بەسەر هەرێمی كوردستاندا سەپاند، بەڵام لە سۆنگەی خۆڕاگری و ئیرادەی بەهیزی خەڵك و قوربانیدانی پێشمەرگەی كوردستان، هەرێمی كوردستان بە شایستەییی خۆی لە شەڕ و پەلامارە تیرۆریستییەکانی داعش و قەیرانی سیاسی و ئابووری و گرفتی هاتنی بەلێشاوی ئاوارەكان و مەترسییەكانیدا توانیی ئەزموونی هەرێمی كوردستان لە ناوچەكەدا بپارێزێت و بە پشتیوانیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی توانرا بەسەر مەترسیدارترین ڕێكخراوی تیرۆریستیی جیهانی (داعش)دا زاڵ ببێت. لە قۆناغی پۆستڕێفراندۆم و پۆستداعشدا هەرێمی كوردستان توانیی خۆڕاگرانە بەسەر كۆسپ و تەگەرەكاندا زاڵ ببێت و دووبارە گەشەپێدان و بووژانەوەی سیاسی و ئابووری و... لە هەرێمی كوردستان دەست پێ بكاتەوە و بەهۆیەوە ژمارەیەكی زۆری ئاوارەكانیش بگەڕێنەوە بۆ ناوچەكانی پێشووی خۆیان، بەڵام بەردەوام كۆسپ و تەحەدای زۆر لەبەردەم گەڕانەوەی ئاوارەكاندا هەر ماون و ژمارەیەكی زۆری ئاوارەكان بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاریی سەرەتایی و نەبوونی ئاوەدانی و ئاساییش و سەقامگیری و هەڕەشە و مەترسییەكانییەوە كە لە لایەن میلیشیا چەكدارەكانەوە ڕووبەڕوویان بووەتەوە، دووبارە گەڕاونەتەوە بۆ هەرێمی كوردستان. ئێستاش زیاتر لە یەك ملیۆن ئاوارە لە هەرێمی كوردستان دەژین، سەرەڕای ئەوەی ژمارەیەكی بەرچاو پەنابەری كوردستانی ڕۆژئاوا و باكوور و ڕۆژهەڵاتی كوردستانیش لە هەرێمی كوردستان دەژین. بەهۆی شەڕی داعشەوە ژمارەیەكی زۆر لە ئاوارەوكانی بەشەكانی تری عێراق لە پێكهاتە و ئایین و ئایینزای جیاواز، وەك كریستیان و ئێزدی و سوننە و ئەوانی دیكە لە كوردستان دەژین.

 

بەرپرسی پەیوەندییەكانی ڕایگەیاند، پارتی دیموکراتی كوردستان ڕای وایە كە باشترین زەمینە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتیان و دابینكردنی خزمەتگوزاری و ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكان و دابینكردنی ئاساییش و سەقامگیرییە لەو ناوچانەدا لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە بە هاوكاریی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی. هەروەها ئاساییكردنەوەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی دەسەڵاتی هەرێم و گەڕانەوەی ئیدارەی كوردی و پێشمەرگە بە چارەسەرێكی بنەڕەتی و هەنووكەییی كێشەی ئاوارەكان و ناوچە جێناكۆكەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان هەژمار دەكرێت. لە لایەكی تریشەوە، پارتی دیموکراتی كوردستان جەخت لە مانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق و هەرێمی كوردستان دەكاتەوە، چونكە هەڕەشە و مەترسییەكانی تیرۆریستانی داعش هێشتا هەر ماون و پێویستە هاوكارییەكان بۆ پێشمەرگەی كوردستان و حکوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام بن و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ڕێكخراوە خیرخوازییەکانی جیهان برەو بە هاوكارییە مرۆییەکانی خۆیان بۆ ئاوارەكان و ڕەخساندنی ژینگەیەكی لەبارتر بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان و دابینكردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەكەدا بدەن.

 

شاندی سویدییش ستایشی هاوكارییەكانی حکوومەتی هەرێم و قوربانییەكانی پێشمەرگەی كوردستانی كرد بۆ پاراستنی ئاوارەكانی جەنگ و داڵدەدانی زیاتر لە دوو ملیۆن ئاوارەی شەڕی داعش لە هەرێمی كوردستان، كە سەرەڕای شەڕ و قەیرانی ئابووری، بەڵام هەرێم باوەشی بۆ ئاوارەكانی نەتەوە و ئایین و ئایینزای جیاواز كردەوە و ژیان و گوزەرانێكی شایستەی بۆ دابین كردن. هەروەها شاندەكە كولتووری بەرزی پێكەوەژیان و لێبووردەیی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستانیان بەرز نرخاند و ڕایانگەیاند، لە سوێد و لەسەر ئاستی وڵاتانی یەكێتیی ئەورووپا بە چاوی ڕێزەوە لە هەوڵە مرۆڤدۆستانەکانی حکوومەتی هەرێمی كوردستان دەڕوانن و بە هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستان و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان دەكرێ چارەیەكی شایستە بۆ پرسی ئاوارەكانی شەڕی داعش پیشكەش بكەن.  

Paylas: