شاندێکی پەرلەمانی عێراق سەردانی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات
پەیامی کورد... شاندێکی پەرلەمانی عێراق سەردانی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات
بەم نزیکانە شاندێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری سەردانی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا دەکات.
سەگڤان سندی، بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "بەم نزیکانە شاندێکی پێنج کەسی لە ئەندامانی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق، بۆ لێکۆڵینەوە لە شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان چەکدارانی پەکەکە و سوپای تورکیا، کە بووەتە هۆکاری زیانگەیاندن بە گوندنشینیانی هەرێمی کوردستان، سەردانی ناوچە سنوورییەکان دەکات".
ئاماژەی بەوەشکرد "دوای سەردانەکەیان لیژنەکە ڕاپۆرتێک دەربارەی ڕووداوەکان پێشکەشی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەین".
بەهۆی بوونی بنکە و بارەگای چەکدارانی پەکەکە و هێرشەکانی تورکیاوە، دانیشتووانی زیاتر 200 گوندی سنووری پارێزگای دهۆک، گوند و باخ و زەوییە کشتوکاڵییەکانیان جێ هێشتووە، ئەمە جیا لەوەی شەڕ و پێکدادانی نێوانیان بووەتە هۆکاری لەنێوبردنی هەزاران دۆنم دارستان و زەوی کشتوکاڵی.