شاندێکی پەرلەمانی کوردستان دەچێتە عەفرین
بڕیارە سبەینێ شاندێکی پەرلەمانی کوردستان سەردانی عەفرین بکات و بڕێکی داودەرمانیش لەگەڵ خۆیان ببەن.
گەمارۆی هێرشی تورکیا بۆسەر عەفرین ٢٠ رۆژی تێپەڕاند، بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکانیش تا ئێستا بەهۆی هێرشی تورکیا بۆسەر عەفرین ١٦٠ قوربانی هەن کە زۆرینەی هاووڵاتی سڤیلن.
پەیوەست بە عەفرین راوێژکاری راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان تارق جەوهەر رایگەیاند، کە سبەینێ شاندێکی پێنج کەسی لە پەرلەمانی کوردستان کە پێکدێ لە پەرلەمانتاران عەلی ھالۆ، عەباس فەتاح شێرکۆ حەمەئەمین، ئەبو کاروان و سوھراب میکائیل سەردانی عەفرین دەکەن، ئەم سەردانە بە ناوی پەرلەمانی کوردستانە و پشتگیری پەرلەمانە بۆ شاری عەفرین.
تارق جەوهەر دەشڵێ، شاندەکە بڕیارە چەند رۆژێک لەوێ بمێننەوە و بڕێک لە داودەرمانیش لەگەڵ خۆیان دەبەن کە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ عەفرین دابین کراوە.