پشکی ئاوی عێراق %70 کەمیکردووە
پەیامی کورد... پشکی ئاوی عێراق %70 کەمیکردووە
بۆ زیادکردنی ئاستی ئاوی رووباری دیجلە، رێژەی بەردانەوەی ئاو لە بەنداوی دوکان زیاد دەکرێت، بەھۆی سیاسەتی وڵاتانی دراوسێشەوە، 70%ی پشکی ئاوی عێراق کەمیکردووە.
لەمبارەیەوە ئەمڕۆ یەک شەممە 26ی شوباتی 2023 وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بە ئەوەکرد: "ئاستی داھاتی ئاو لەگەڵ کەمبوونەوەی بارانبارین و زیادبوونی خواست لەسەر ئاو بۆ ئاودێریی کشتوکاڵی لە وەرزی زستان، کەمیکردووە".
ئەوەش هاتووە: "رێکاریان بۆ بەردانەوەی بڕێکی زیاتری ئاو لە بەنداوی دوکان گرتووەتەبەر، ئەوەش بۆ پەرەپێدانی داھاتی ئاوی روباری دیجلە، دڵنیاییشدا کە ئاوی پێویست لە روباری دیجلە و فورات بۆ پڕکردنەوەی پێویستییە کشتوکاڵییەکان و ئاوی خواردنەوە لە بەردەستدایە".
دروستکردنی بەنداو لە لایەن تورکیا و ئێران و رێکارەکانیان بۆ کەمکردنەوەی پشکی ئاوی عێراق لە رووبارەکان، بووەتە ھۆی کەمبوونەوەی ئاستی ئاوی عێراق.
لای خۆیەوە خالید شەمال وتەبێژی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق رایگەیاند: "گلدانەوەی ئاو گەیشتووەتە ئاستێکی ھەستیار و جگە لە دیجلە و فورات، لە رووبارەکانیش تریش ئاو کەمبووەتەوە".
وتیشی: "داھاتی ئاوی عێراق بە کرداریی 30%ە و بەھۆی سیاسەتی وڵاتانی دراوسێوە 70%ی پشکی ئاو ناگاتە عێراق، چونکە رێژەی 70%ی ئاوی عێراق لە وڵاتانی تورکیا و ئێرانەوە دێت و ئە وڵاتانەش سیاسەتی تایبەتیان بۆ دروستکردنی بەنداوی گەورە و گۆڕینی رێڕەوی رووبارەکان ھەیە، لە ساڵانی رابردووشدا حکومەتەکانی عێراق ھیچ رێککەوتنێکیان لەگەڵ ئەو دوو وڵاتە لەبارەی پشکی ئاو نەکردووە".
دەشڵێت : "عێراق لە سێ ساڵی رابردوودا بەھۆی کەمبوونەوەی بڕی بارانبارینەوە دووچاری وشکەساڵی بووەتەوە، ئەوەش ھانیداون سوود لە ئاوی کۆگاکراو وەربگرن، بەڵام بەھۆی رێکارەکانی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان لەم کابینەیەدا، ئاستی ئاوی کۆگاکراوی عێراق وەک خۆی ماوەتەوە، کە 8 ملیار مەتر سێجایە".
جێی باسە لە چەند ساڵی رابردوودا ئاستی بارانبارین لە عێراق و ھەرێمی کوردستان کەمبوەوە و وشکەساڵی لە چەند ناوچەیەک راگەیەندرا، ھاوکات ئاستی ئاوی رووبار و زۆنگاو و بەنداوەکانیش کەمیانکرد.