TR KU SO
FB X
Kurdistan

پێشوازی سەرۆک بارزانی لە باڵوێزی نەرویج

Navas Jan
Admin
📅 21 Ekim 2020 20:22

پەیامی کورد .... پێشوازی سەرۆک بارزانی لە باڵوێزی نەرویج

 

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵوێزی نەرویج لە عێراق کرد و بارودۆخی سیاسی و دوا پێشهاتەكانی عێراقیان تاوتوێکرد.

 

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢١ی تەشرینی یەکەمی ٢٠٢٠، سەرۆك بارزانی لە سەلاحەدین پێشوازی لە خاتوو تۆنی ئاڵێرز باڵوێزی نەرویج لە عێراق كرد و لە دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسی و دوا پێشهاتەكانی عێراق ئاڵوگۆڕ كرا و باڵوێزی نەرویج لە عێراق هاوسۆزی و نیگەرانیی خۆی بۆ ڕووداوی پەلاماردانی بارەگای پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند.

 

هەروەها باڵوێزی نەرویج وێڕای دەربڕینی پێزانین بۆ قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە شەڕی تیرۆریستانی داعش پیرۆزباییشی لە ڕێككەوتنی ئاساییكردنەوەی بارودۆخی شنگال كرد كە لە نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدڕاڵ بەستراوە و بە هەنگاوێكی ئیجابی لە قەڵەم دا.

 

باڵوێزی نەرویج ڕاشیگەیاند كە وڵاتەكەی بەشێكە لە هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی دژی داعش و ڕۆڵی هەبووە لە مەشق و ڕاهێنانی پێشمەرگە و جەختی لە ویستی وڵاتەكەی كردەوە بۆ پەرەپێدانی هەماهەنگی و پەیوەندیی نێوان وڵاتەكەی و هەرێمی كوردستان.

 

هەر لە كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی سوپاسی ڕۆڵی وڵاتی نەرویجی كرد لە هاوپەیمانێتیی شەڕی دژی داعش و پێشوازیشی كرد لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا.

 

هەروەها سەرۆك بارزانی پەیوەست بە پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا ئەوەی خستەڕوو كە پەیوەندییەكان ئاراستەیەكی ئیجابیان وەرگرتووە و دەرفەت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لە ئارادایە.

 

هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق و هەڕەشەكانی تیرۆر و بارودۆخی ئەمنیی عێراق و ڕووداوەكەی گوندی فەرحاتیە تەوەری تری ئەو دیدارە بوون.

Paylas: