سنە؛ بنەماڵەی دوو کەس لە گیانبەختکردووانی شۆڕشی ژینا سزای بەندکران و لێدانی قامچییان بەسەردا سەپا
پەیامی کورد... سنە؛ بنەماڵەی دوو کەس لە گیانبەختکردووانی شۆڕشی ژینا سزای بەندکران و لێدانی قامچییان بەسەردا سەپا
عەبدولڕەحمان نەسری و ئارمان حەبیبی، دوو ئەندامی دیکەی بنەماڵەی دادخوازەکانی شاری سنە هەر کام لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای شەش مانگ و نیو بەندکران و لێدانی ٤٠ قامچییان بەسەردا سەپێندراوە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، عەبدولڕەحمان نەسری و ئارمان حەبیبی، هەر دوو خەڵکی سنە لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی دووی بۆکان بە تۆمەتی «تێکدانی نەزمی گشتی» بە شەش مانگ و نیم بەندکران و ٤٠ زەربە قامچی سزا دراون و ئەم سزایە بە شێوەی فەرمی پێیان ڕاگەیەنراوە.
عەبدلڕوحمان نەسری و ئارمان حەبیبی لە ئێوارەی ڕۆژی هەینی ١٩ی خەرمانانی ٢٧٢٣ هاوکات لەگەڵ بەشێک لە بنەماڵە دادخوازەکانی سنە، دیواندەرە و دێگولان لە کاتی گەڕانەوە لە ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی گیانبەختکردووەکانی ناڕەزایەتی جەماوەری شاری سەقز و بۆکان لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی شاری بۆکان گوازرانەوە.
ئەم کەسانە لە ڕۆژی هەینی ٢٦ی خەرمانانی ٢٧٢٣ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کران.
شایانی باسە عەبدولڕەحمان نەسری و ئارمان حەبیبی لە کاتی دەستبەسەرکران مافی هەبوونی پارێزەر و دیتنی بنەماڵە و هەموو مافە سەرەتاییەکانی خۆیان بێبەش بوون.
ئارمان حەبیبی برای ئارام حەبیبی و عەبدولڕەحمان نەسری باوکی مەتین نەسرییە کە لە شۆڕشی ژن ژیان ئازادی لە سنە لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە کوژران.
پێشتر حەسەن ئەمینی برای محەممەد ئەمینی و هاشم ساعدی باوکی سارینا ساعدی کە منداڵەکانیان لە شۆڕشی ژن ژیان ئازادی گیانی بەخت کردبوو لەلاین هەمان دادگاوە سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرابوو.