سوپای پاسداران بە ناوی گواستنەوەی ئاو، توونێلێکی بەرفراوانی بۆ ڕاگواستنی مووشەک درووست کردووە
پەیامی کورد ... سوپای پاسداران بە ناوی گواستنەوەی ئاو، توونێلێکی بەرفراوانی بۆ ڕاگواستنی مووشەک درووست کردووە.
سوپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران نزیکەی ٧ ساڵە بە بیانووی گواستنەوەی ئاوی بەنداوی ''کانی سێو'' بۆ گۆلی ورمێ، خەریکی توونێل لێدانە و خەڵکی ئەو ناوچەیە لەسەر ئەو باوڕەن کە ئەمە توونێلێکی مووشەکییە.
بە ووتەی خەڵکی ئەو ناوچەیە، ڕاستەوخۆ لە وێستگەی کارەبای پیرانشار کارەبا بۆ ئەم پرۆژەیە ڕاکێشراوە، هەروەها لە گوندی ''بەگم قەڵا''وە هەتا ''خورینج'' لە ڕێگای "دۆڵی چووغری'' ڕێگایەکی تایبەت درووست کراوە.
کارکردنی بەردەوامی سوپای پاسداران لەسەر ئەو پرۆژەیە و ڕەچاوکردنی خاڵی ئەمنییەتی لەنێو ئەو توونێلە، لەلای خەڵکی ئەو ناوچەیە بە پشتبەستن بە هەندێک زانیاری لە بەڕێوەبەرانی پرۆژەکە، دەرکەوتووە کە ئەو توونێلە بۆ ڕاگواستنی ئاو نییە و بەڵکوو پرۆژەیەکی مووشەکییە.
بەپێی زانیارییەکان، پانتایی ئەو توونێلە ١٠ هەتا ١٢ مەترە کە بارهەڵگری گەورە توانایی هەیە بە ئاسانی تێدا بابداتەوە.
لە ئێستادا کرێکارانی ئەو پرۆژەیە خەریکن بە شیشەی ژمارە ٢٠، دیواری ئەو تونێلە هەڵدەچنن.
هەروەها سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە ئەم توونێلە لە ''کانی سێو'' بۆ ''زاواکێوی زەنگیاوێ''، ٨٠٠ مەتری ماوە تێکەڵ ببێتەوە، هەروەها لەلای ''خورینج'' بۆ ''بەگم قەڵا'' ١٤٠٠ مەتر و لە ''خورینج'' بۆ ''زاواکێو'' ١٣٥٠ مەتر بەرەوپێش چووە.
ئەم پرۆژە مووشەکییەی سوپای پاسداران هەتا ئێستا تێچوویەکی یەکجار زۆری هەڵگرتووە کە تەواوی بووددجە و داهاتی ساڵێکی پارێزگای ورمێ بەشی خەرجی ئەو پرۆژەیە ناکات.
هەروەها لە ڕێگای ئەم تونێلە ئاوی ژێرزەوی هەڵدەقوڵێت و سوپای پاسدران بە ماتۆڕی زۆر گەورە ئاوەکە دەردەدەن کە ئەمە لە داهاتوویەکی نزیکدا کانی و سەرچاوە ئاوەییەکانی ئەو ناوچەیە بەرەو ووشکبوون دەبات و کارەساتی ژینگەیی و مرۆیی لێدەکەوێتەوە.