TR KU SO
FB X
Kurdistan

سوودانی گەیشتە تاران

Navas Jan
Admin
📅 06 Kasım 2023 14:13


پەیامی کورد... سوودانی گەیشتە تاران


محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران، سەردانەکەی سوودانی رۆژێک دەخایەنێت و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە.

لەمبارەیەوە نووسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشكرای كردووە :محەممەد شیاع سوودانی بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران.

هاوكات میدیای فەرمیی عێراق بڵاویکردەوە، سەردانەکەی سوودانی بۆ تاران رۆژێک دەخایەنێت و تێیدا گفتوگۆ لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران و بەرپرسانی باڵای دیکەی ئەو وڵاتە دەکات، گفتوگۆکانیش لەبارەی ئەو گۆڕانکارییانەیە لە ناوچەکەدا هەن، وەکو شەڕی نێوان سوپای ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی غەززە و دۆخی ئەو ناوچەیەی فەلەستین.

هەروەها سەردانەکەی سوودانی بۆ تاران لە چوارچێوەی گەشتێکی هەرێمایەتیدا بۆ ژمارەیەک لە وڵاتانی ناوچەکە دێت.

هیشام روکابی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاندووە:"گەشتەکەی سوودانی لە ناوچەکە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی عێراقدایە بۆ راگرتنی ھێرشی ئیسرائیلی داگیركەر بۆ سەر فەلەستین."

دەستپێکردنی ئەو گەشتەی سوودانی دوای رۆژێک بوو لە سەردانی ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ بەغدا.

جێی باسە لەدوای دەستبەکاربوونی وەکو سەرۆکوەزیرانی عێراق لە 28ی تشرینی یەکەمی 2022 ئەمە دووەمجارە سوودانی سەردانی ئێران دەکات .

Paylas: