ئاستی ئاوی گۆلی ئورمیە دابەزی
پەیامی کورد ... ئاستی ئاوی گۆلی ئورمیە دابەزی
بەرپرسی ناوەندی بووژاندنەوەی ئاوی گۆلی ئورمیە ڕایگەیاندووە کە ئاستی ئاوی گۆلی ورمێ ٨ سانتی مەتر دابەزیوە.
"فەرهاد سەرخۆش" بەرپرسی ناوەندی بووژاندنەوەی ئاوی گۆلی ئورمیە، لە وتووێژێک لەگەڵ یەکێک لە ماڵپەڕەکانی ڕێژیم بە ئاماژەدان بەوەی کە ئاستی ئاوی گۆلی ئورمیە هەزار و ٢٧١ میتر و ٣٣ سانتی مەترە وتوویەتی، لە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوودا هەزار و ٢٧١ میتر و ٤١ سانتی میتر بووە.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە بەراوردی ئاستی ئاوی ئەو گۆلە لەگەڵ ساڵی ڕابردوو ئەوە نیشان دەدات کە ئاوی گۆلی ئورمیە ٨ سانتی مەتر دابەزیوە.
ناوبراو هەروەها ڕایگەیاندووە، لە ئێستادا پانتایی ئاوی گۆلی ئورمیە ٢ هەزار و ٨٤٨ کیلۆمیتری چوارجایە.
"سەرخۆش" هەروەها باسی لەوە کردووە کە گۆلی ورمێ ٣ میلیارد و ٥٢٠ ملیۆن مەتری چوارجا ئاوی تێدایە و ئەو ڕێژەیە لە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوودا ٣ ملیارد و ٧٥٠ ملیۆن مەتری چوارجا بووە.