سزای لەسێدارەنی دو بەندکراو لە سنە جێبەجێکرا
پەیامی کورد... سزای لەسێدارەنی دو بەندکراو لە سنە جێبەجێکرا
سزای لەسێدارەنی دو بەندکراو بە ناوەکانی سەعید ئەرجومەندی و کیومەرس مینبەری کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست ئەو سزایەیان بە سەردا سەپێنرابو، لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە جێبەجێ کرا.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە سزای لەسێدارەنی دو بەندکراو بە ناوەکانی سەعید ئەرجومەندی خەڵکی خوڕەمئاوا و دانیشتوی سنە و هەروەها کیومەرس مینبەری خەڵکی کامێران لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە جێبەجێکرا.
ئەو دو بەندکراوە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست دەستبەسەر و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای لەسێدارەیانی بەسەردا سەپێنرابو، ڕۆژی پێنجشەممەی هەفتەی ڕابردو ئەم دو بەندکراوە بۆ ژوری تاکەکەسیی بەندیخانەی ناوەندیی سنە گواسترانەوە و هەنگاو بە نیسبەت جێبەجێکردنی سزاکەیان هۆشداری دابو.
\
بنەماڵەی یەکێک لە کوژراوەکان بە مەبەستی لێخۆشبون لە سەعید ئەرجومەندی داوای بڕی 6 ملیار تمەن پارەی کردبو، بەڵام بنەماڵەی ئەرجومەندی تەنیا توانیبویان سێ ملیار دابین بکەن، سەرەڕای ئەوەی شەوی ڕابردو خەڵک و چالاکانی مەدەنی لەپێش ماڵی بنەماڵەی کوژراوەکە کۆبونەوە، بەڵام بەرەبەیانی ئەمڕۆ سزای سەپێندراو بە سەر سەعید جێبەجێ کرا.
هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم دو بەندکراوە هەتا ئێستا لە میدیا حکومەتییەکان و بە تایبەت میدیاکانی نزیک لە دەزگای دادوەری بڵاونەکراوەتەوە.