تەندروستی سلێمانی هوشداری دەدات
پەیامی کورد … تەندروستی سلێمانی هوشداری دەدات
د.یاد نەقشبەندی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی دەڵێت: ئەوانەی ئێستا توشی كۆرۆنا دەبن زۆربەیان بە دۆخێكی تەندروستی خراپەوە داخڵی نەخۆشخانە دەبن و ئێستا تەندروستی ٢٩ حاڵەتی توشبو لەنەخۆشخانەكان زۆر ناجێگیرە.
د.یاد نەقشبەندی بە ماڵپەڕی فەرمی یەكێتی وتوە: بەداخەوە جارێكی تر حاڵەتەكانی توشبون بەكۆرۆنا رووی لە بەرزبونەوە كردوە و ئەمەش چەند هۆكارێكی هەیە، لەوانەش پاپەند نەبونی هاوڵاتیان بە خۆپارێزیەوە.
باسی لەوەشكردوە: لەدواین ئاماردا زیاتر لە ٩٠ حاڵەتی توشبونمان هەیە لەناو نەخۆشخانەكاندا، لەو ژمارەیەش ١٨ حاڵەتیان باری تەندروستیان زۆر ناجێگیرەو لەبەشی چاودێری وردن، 11 حاڵەتیشیان باری تەندروستیان زۆر ناجێگیرە و لەسەر ئامێری (سیپاب )ن، ئەوەش لە كاتێكدایە لە چەند مانگی رابردو لە ٢٠٠ حاڵەتی كۆرۆنا ٢٠ حاڵەتیان باری تەندروستیان ناجێگیر بوو، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت هاوڵاتیان خەمساردن.
سەبارەت بە ئەگەری قەدەغەی هاتوچۆ و كەرەنتین وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی هێمای بۆ ئەوەكردوە: قەدەغەی هاتوچۆ و كەرەنتینەی تەواوەتی بە بڕیارێكی زانستی و تەنانەت لۆژیكی نازانین، چونكە ناگونجێت لەگەڵ باری ئابوری هاوڵاتیان، بەڵام توندكردنەوەی رێكارەكان باشترین بژاردەیە.
هۆشداریش دەدات لەوەی، ئەگەر وەك ئێستا حاڵەتەكانی توشبون بە كۆرۆنا زیاد بكات و ئەوا سەرجەم نەخۆشخانەكانمان پڕ دەبن، ئەوەش قورساییەكی زۆر بۆ كەرتی تەندروستی دروست دەكات.