"زیاتر لە (٢٠٠) هەزار كارتی دەنگدان لەموسڵ دابەشكراوە"
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان رایگەیاندووە، کە بەمەبەستی بەشداریکردنیان لەهەڵبژاردنەکاندا، زیاتر (٢٠٠) هەزار كارتی ئەلیكترۆنی دەنگدان لەپارێزگای موسڵ بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشكراوە.
لە لێدوانێکی رۆژنامەواندا ریاز بەدران، سەرۆكی فەرمانگەی هەڵبژاردن لەكۆمسیۆن باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ئاشکرایکردووە، کە (٢٠٠) هەزار كارتی ئەلیكترۆنی لە موسڵ بەسەر هاووڵاتیاندا دابەشکراوەو پرۆسەکەش بەردەوامی هەیە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، کە ژمارەی فەرمانبەرانیان لەناوەندەكانی هەڵبژاردندا بۆ هەزار و (٢٠٠) كەس زیادكردووە كە لە (١٤٠) ناوەندا كاروبارەكانی دەركردن و دابەشكردنی كارتی دەنگدان رایی دەكەن.
لای خۆشییەوە كەریم تەمیمی، وتەبێژی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان رایگەیاندووە، كە كۆبوونەوەی تایبەت بە پارێزگای نەینەوا كراوە و بڕیاریانداوە، كارەكانیان خێراتر بكەن و نوێكردنەوەی كارتی بایۆمەتری دوابخەن، هەر سەرۆك خێزانێكیش دەتوانێت لەبری ئەندامانی خانەوادەكەی كارتەكان وەربگرێتەوە.
رونیشیکردووەتەوە، کە كارتی نوێی بایۆمەتری دەنگدان، لەرێی وەرگرتنی پەنجەمۆرەوە تۆماردەكرێت و وێنەی دەنگدەری لەسەر دەبێت، بەڵام كارتی كۆنی ئەلیكترۆنی دەنگدان وێنەی لەسەر نییە.
جێی ئاماژەیە بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە (١٢)ی ئایاری ئەمساڵ بەرێوەبچێت و (٨٨) لیست و هاوپەیمانی كێبڕكێی بەدەستهێنانی (٣٢٩) كورسی دەكەن.