زیاتر لە پێنج هەزار کەس لە سلێمانى توشى سکچون و رشانەوە بون
پەیامی کورد... زیاتر لە پێنج هەزار کەس لە سلێمانى توشى سکچون و رشانەوە بون
لە سەرەتا ئەمساڵەوە زیاتر لە پێنج هەزار کەس لە سلێمانى توشى سکچون و رشانەوە بون، لە ئێستاشدا حاڵەتەکان زیادى کردوە و تەندروستى سلێمانى گومان دەکات ئەوەى بڵاوبوەتەوە کۆلێرا بێت.
شەوى رابردو، دکتۆر سەباح هەورامى، بەڕێوەبەرى تەندروستى سلێمانى، هۆشداریدا لە زیادبونی حاڵەتەکانی سکچون و رشانەوە رایگەیاندا: گومان دەکەین کۆلێرا بڵاوبوبێتەوە و بەوهۆیەوە بڕیاردرا بە قەدەغەکردنی سەوزە و ماستاو لە چێشتخانە و خواردنگەکان و شوێنە گشتییەکان.
بەپێى زانیارییەکان، لەئێستادا سکچون و رشانەوە زیاتر لە نێو منداڵاندا بڵاوبوەتەوە و رۆژى 80 منداڵ بەوهۆیەوە لە نەخۆشخانە دەخەوێنرێن.
لەسەر ئەو بابەتە، دکتۆر رزگار عەلى، بەڕێوەبەرى خۆپاراستنى تەندروستى سلێمانى بەکەناڵى کەى ئێن ئێنى راگەیاندووە،" سکچونێکى توندوتیژ بڵاوبوەتەوە و گومان دەکەین کۆلێرا بێت، بەڵام ئەوە تەنها گومانە و پشکنینى پیساییەکانمان ناردوە بۆ تاقیگەى ناوەند لە بەغداد و چاوەڕێى ئەنجامەکانین".
لەبارەى هۆکارى بڵاوبونەوە و زیادبونى پەتاکە، ئاشکرایکرد کە لە گەرمادا میکرۆبى سکچون گەشەى زیاتر دەبێت و کەمى ئاویش کە سلێمانى و هەرێمى کوردستانى گرتوەتەوە، هۆکارێکى دیکەیە.
بەڕێوەبەرى خۆپاراستنى تەندروستى سلێمانى رونی کردەوە، زێرابى پشدەر و ئێران دەچێتە ناو ئاوى دوکان و زێرابى سلێمانیش دەرژێتە ئاوى تانجەرۆ و زێرابەکان داپۆشراو نین، هەر بۆیە لە مانگى یەکەمى ئەمساڵەوە زیاتر لە پێنج هەزار حاڵەتى سکچون تۆمارکراوە.
هۆشداریدا کە پێویستە هاوڵاتییان پارێزى بکەن بەتایبەت لە سەوزە و ئاوى پیس و دانەپۆشراو، جەختیش دەکاتەوە لە پاکى ئاوى بەلوعەى ماڵان، واتا ئەو ئاوەى لەلایەن بەرێوەبەرایەتى ئاو و لەژێر چاودێرى خۆپاراستنى تەندروستى دەڕژێتە تانکى ماڵانەوە، بەمەرجێک تانکییەکە ئاوى تانکەر واتا ئەو ئاوەى دەیکڕیت، تێیدا نەبێت.