ئیتاڵیا بەرزترین پلەی ڕێزلێنانی فەرمی خۆی بەخشییە سەرۆکی هەرێمی کوردستان
PeyamaKurd - ئیتاڵیا بەرزترین پلەی ڕێزلێنانی فەرمی خۆی بەخشییە سەرۆکی هەرێمی کوردستان
چوارشه‌ممه ٨-٧-٢٠٢٦ نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له ڕێوڕه‌سمێك دا له هه‌ولێر، میدالیاى ڕ‌ێزلێنانى سه‌رۆككۆمارى ئیتالیاى پێ به‌خشرا كه میدالیاى "ئەستێرەی ئیتالیا" لە پلەی "سوارچاکی خاچی مەزن"ـه و یه‌كه‌م جاره له‌سه‌ر ئاستى عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌به‌خشرێت.
له ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا كه کونسووڵی گشتی ئیتالیا له هه‌رێمى كوردستان و نوێنەرانی لایەن و دامەزراوه‌كانى هه‌رێمى کوردستان و عێراق و ژماره‌یه‌ك له نێرده دیپلۆماسییه‌كان و میوانان به‌شدار بوون، نیکۆلۆ فۆنتانا، باڵیۆزی ئیتالیا لە عێراق، میدالیاكه‌ى پێشكه‌ش به سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى كرد.
له ووته‌یه‌كدا به‌م بۆنه‌یه‌وه باڵیۆزى ئیتالیا ووتى : ئه‌م ڕێزلێنانه بەهۆی پێگەى سیاسی ناوازە و باڵای سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و ڕۆڵی سەرەکییانه لە بەهێزکردنی پەیوەندییەكاندا، هه‌روه‌ها پێزانینێکە بۆ هەوڵە بەردەوامەکانی لەپێناو گفتوگۆ و ئاشتی دا، لەگەڵ پشتگیری‌یان بۆ هاتنی کۆمپانیا ئیتالییەکان، کردنەوە و بەرزکردنەوەی ئاستی کونسووڵخانەی گشتی ئیتالیا لە هەولێر و پێشکەش کردنی ئاسانکاری و هاوکاری تەواو بۆ هێزە سەربازییەکان و تیمه‌كانى شوێنەوارناسی ئیتالی لە هەرێمی کوردستان.
باڵیۆزی ئیتالیا هه‌روه‌ها ڕایگەیاند: ئه‌م ڕێوڕه‌سمه پشتڕاست کردنەوەی دۆستایەتی ڕاستگۆیانەی ئیتالیایه له‌گه‌ڵ عێراق و کوردستان كه سەرۆک نێچیرڤان بارزانى باشترین داکۆکیکاری بووە. هه‌روه‌ها ستایشی سەرکردایەتی واقیعبینانەی به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانى کرد و هیوای خواست عێراق و کوردستان بەردەوام بن لە بەهرەمەندبوون لە سەرکردایەتییان.
هەروەها له ووته‌یه‌كدا به‌م بۆنه‌یه‌وه، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان خۆشحاڵی و شانازی قووڵی خۆی بۆ ئه‌م ڕێزلێنانه دەربڕی و سوپاس و پێزانینی ئاراستەی سەرۆککۆمار و حکوومەت و گەلی ئیتالیا کرد. هه‌روه‌ها ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمه ڕەنگدانەوەی پەیوەندی مێژوویی و دێرینی ئیتالیایه لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و پێزانینێکە بۆ هه‌موو ئەوانه‌ى بەشدارییان لە بونیاتنان و بەهێزکردنی په‌یوه‌ندییه‌كان دا کردووە.
ئه‌مه ده‌قى ووته‌ى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانه:
به‌ڕێز باڵیۆزى ئیتالیا،
به‌ڕێز كونسووڵی گشتی ئیتالیا له هه‌رێمى كوردستان،
به‌ڕێزان جەنابی پاتریارك و پیاوانی ئایینی،
ئامادەبووانی بەڕێز،
ئێواره‌تان باش، هه‌موو لایه‌كتان به‌خێر بێن.
خۆشحاڵم و شانازی دەکەم به وه‌رگرتنى ئه‌م مەدالیایه. پڕ بە دڵ سوپاس و پێزانینم ئاراستەی جه‌نابى سەرۆککۆمار، سێرجیۆ ماتارێلا و حکوومەت و گەلی ئیتالیا دەکەم بۆ ئەم ڕێزلێنانە باڵایە.
ئه‌مه ڕێزلێنانه بۆ پەیوەندی مێژوویى و دێرینی ئیتالیا له‌گه‌ڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، هاوکات پێزانینه بۆ هەموو ئەوانه‌ى لە ساڵانی ڕابردوودا بە دڵسۆزییەوە کاریان بۆ بونیاتنان و بەهێزکردنی ئەم پەیوەندییە دووقۆڵییە کردووە.
ئیتالیا هەمیشە هاوبەش و دۆستێکی جێگەی متمانەی عێراق و هەرێمی کوردستان بووە و بەردەوامە. ئێمە هەڵوێستە سیاسییەکان و پشتگیریى دیپلۆماسیی بەردەوامی ئیتالیا به‌رز ده‌نرخێنین و شانازی بەو ڕۆڵە گرینگەوە دەکەین کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە شەڕی دژى داعش دا گێڕاویەتی.
پشتگیری سەربازی ئیتالیا، ڕاهێنان و مەشق پێکردنی هێزەکانی پێشمەرگە و پشتیوانی كردنى له هێزە عێراقییەکان، کاریگەرییەکی گرینگی هەبوو لە پاراستنی هەرێمی کوردستان و عێراق به‌گشتى و تێکشکاندنی تیرۆر و داکۆکی کردن لە ئاسایش و سەقامگیری ووڵاتەكەمان.
ئەمڕۆش، ئێمە بە بەردەوامی ئەم هاوکارییە خۆشحاڵین، بەتایبەتی لە پشتگیری کردنی پرۆسەی چاکسازی و یەک خستنی هێزەکانی پێشمەرگە و بونیاتنانی تواناکانیان. ئەم هاوکارییە بە وەبەرهێنان لە ئاسایشی عێراق و سەقامگیری ناوچەکەدا دەبینین.
هەروەها، پێزانینى زۆرمان بۆ بەشداریی به‌رچاوى ئیتالیا هەیە لە پاراستنی کو‌لتوور و میراتی مرۆڤایەتی لە هەرێمی کوردستان و عێراق، ئەوەش لە ڕێگەی تیمەكانى شوێنەوارناسی زانكۆ ئیتالییەكانه‌وە کە کار و توێژینەوەی زانستی گرینگ‌یان ئەنجام داوە، هێشتاش بەردەوامن و بەشدارییان کردووە لە لێکۆڵینەوە، پاراستن و نۆژەنکردنەوەی چەندین پێگەی شوێنەواری و مێژوویی لە كوردستان و عێراق. ئەمە ڕەنگدانەوەی بایەخدانی قووڵی ئیتالیایە بە شارستانیەتی هاوبەشی مرۆڤایەتی.
پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئیتالیادا تەنها لە سنووری سیاسەت و ئاسایش دا نامێنێتەوە، بەڵکوو کایەکانی ئابووری، وەبەرهێنان، کو‌لتوور، خوێندن و شوێنەواریشى لەخۆ گرتووە. ئێمە چاوەڕوان و خوازیارین ئەم هاوبەشییە فراوانتر بکەین بە شێوه‌یه‌ک کە خزمەت بە بەرژەوەندی هەردوولا بکات، هاوکاری نێوان دامەزراوەکانمان بەهێزتر بکات و ئاسۆیەکی نوێ بێت بۆ نەوەکانی داهاتوومان.
كڕینى زه‌وى و دروستكردنى بیناى كونسوڵخانه‌ى گشتیى ئیتالیا له هه‌رێمی كوردستان، نیشانه‌ى نیازى ئیتالیایه بۆ بره‌ودانى زیاتر به په‌یوه‌ندییه‌كان و مانه‌وه‌یان له هه‌رێمى كوردستان.
هه‌ر لەم بۆنەیەدا، ده‌مه‌وێ جەخت لەوە بکەمەوە کە هەرێمی کوردستان وه‌ك به‌شێكى گرینگى عێراق، بۆ هەمیشە بە نیشتمانێکی ئارام بۆ سەرجەم پێکهاتە ئایینی و نەتەوەکانی دیكە دەمێنێتەوە و بەردەوام دەبێت لە پاراستنی کولتووری پێکەوەژیان، لێبوردەیی و قبووڵ کردنی ئەویتر و ڕێزگرتن له مافه‌كانى مرۆڤ و ئازادییه‌كان و مافه‌كانى ئافره‌ت. ئێمە شانازی به‌م كولتووره‌وه دەکەین كه بەشێکی ڕەسەنی ناسنامەی گه‌لى كوردستانه بە هەموو پێكهاتەكانییەوە.
ده‌مه‌وێ ئه‌وه‌ش دووپات بكه‌مه‌وه كه هەرێمی کوردستان وەک هاوبەشێکی بەرپرسیار و كارا دەمێنێتەوە لە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە عێراق و لە ناوچەکەدا و بەردەوام دەبێت له بنیاتنانی پەیوەندیی هاوسەنگ و پتەو لەگەڵ ڕۆما، هه‌روه‌ها لەگەڵ سەرجەم پایتەختەکانی ئەورووپا و جیهان و ناوچه‌كه‌دا لەسەر بنەمای گفتوگۆ، ڕێز و پەیوەندی هاوبەش.
لێرەوە دووبارە سوپاس و پێزانینى قووڵم بۆ ئەم ڕێزلێنانەی ئەمڕۆ دەردەبڕم. بە ناوی گەلی کوردستان و عێراق و بە ناوی هەر یه‌كێك کە لە به‌هێزكردنى دۆستایەتی نێوان هەردوولادا؛ بەشدار بووە، به شانازییه‌وه ئەمڕۆ ئەم مەدالیایە وەردەگرم. سوپاسی هەموو ئەو كەسانە دەكەم كە كاریان كردووە بۆ پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییەی كە ئەمڕۆ لەنێوان هەرێمی كوردستان و ئیتالیادا هەیه.
زۆر سوپاستان ده‌كه‌م و هیواى ئێواره‌یه‌كى خۆش بۆ هەمووتان ده‌خوازم.
زۆر سوپاس.