بەڕێوبەری سووتەمەنی : دابەشکردنی گازی ماڵان دەچێتە قۆناغێکی نوێ یەوە
PeyamaKurd - بەڕێوبەری سووتەمەنی : دابەشکردنی گازی ماڵان دەچێتە قۆناغێکی نوێ یەوە
لەم هەفتەیەوە، پڕۆسەی دابەشکردنی گازی ماڵان لە سنووری پارێزگای هەولێر دەچێتە قۆناغێکی نوێ یەوە و لە ڕێگەی کارتی ئێلێکترۆنییەوە ئەنجام دەدرێت. ئامانجی ئەم هەنگاوە چەسپاندنی دادپەروەری و ڕێگریکردنە لە هەر جۆرە قۆرخکاری و فێڵ کردنێک لە پشکی هاووڵاتییان.
بەڕێوبەری سووتەمەنی هەولێر ئاری کاکەشین، سەبارەت بە سیستەمی نوێی دابەشکردنی گاز ووتی، "بەمەبەستی چەسپاندنی دادپەروەری و یەکسانی، بۆ هەر خێزانێک کارتی ئێلێکترۆنی درووست کراوە. لەم هەفتەیەوە دابەش کردنی گاز بەپێی بڕی بەردەست تەنیا لە ڕێگەی ئەو کارتەوە دەبێت. ئەم هەنگاوە ڕێگری دەکات لە هەر جۆرە فێڵ کردنێک و گەرەنتی ئەوە دەکات گاز بەشێوەیەکی یەکسان بگاتە دەستی هەموو هاووڵاتییان.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، ئاری کاکەشین ئاماژەی بەوە کرد، "ئەم سیستەمە تەنیا بۆ گاز نییە، بەڵکوو بۆ تەواوی سووتەمەنییەکانی دیکەش پەیڕەو دەکرێت. ئێستا زۆرینەی خەڵک لە ڕێگەی بریکارەکانی خۆراکەوە کارتە ئێلێکترۆنییەکانیان وەرگرتووە و لەم هەفتەیەوە کارایی دەبێت. ئەمە یەکێکە لە باشترین هەنگاوەکانی حکوومەت بۆ ئەوەی هیچ هاووڵاتییەک لە مافی خۆی بێبەش نەبێت.