دایک و کچێکی کورد بە دەستی بەرپرسێکی تالیبان لە ئەفغانستان کوژران
PeyamaKurd - دایک و کچێکی کورد بە دەستی بەرپرسێکی تالیبان لە ئەفغانستان کوژران
چیمەن حسەین زادە، هاووڵاتی کوردی خەڵکی بۆکان و دانیشتووی ئەفغانستان، لەگەڵ کچەکەی، سارا یووسفی، بە دەستی بەرپرسێکی خۆجەیی تالیبان کوژراون، ئەو بەرپرسەی تالیبان ویستوویەتی بە زۆر لەگەڵ سارای ١٥ ساڵان هاوسەرگیری بکات.
بەپێی ڕاپۆرتی تۆڕی مافەکانی مرۆڤ : «چیمەن حسەین زادە نزیکەی ٢٠ ساڵ لەمەوپێش لەگەڵ پیاوێکی ئەفغانستانی هاوسەرگیری کرد و لە گوندی «غەلدووری»ی شاری کووهستانات لە ویلایەتی سەرپۆل دەژیا. لەوێ بە ناوی «بیبی چەمەن گوڵ» دەیانناسی و وەکوو مامایەکی سوننەتی کاری دەکرد».
بە ووتەی سەرچاوەکە، کەسێک بە ناوی موفتی محەممەدۆڵڵا، بەرپرسی ئیدارەی حەج و ئەوقافی تالیبان لە شاری کووهستاناتی ویلایەتی سەرپۆل داوای کردبوو لەگەڵ سارا یووسفی، کچە ١٥ ساڵەکەی چیمەن حسەین زادە، هاوسەرگیری بکات. بەرپرسەکەی تالیبان ڕۆژی ١٨ی گوڵانی ١٤٠٥ چووبووە بەردەم ماڵی ئەو بنەماڵەیە و ویستبووی بە زۆر سارا لەگەڵ خۆی ببات، بەڵام دایکی ڕێگری لێ کردبوو و نەیهێشتبوو.
ئەو بەرپەسە کاتێک ڕووبەڕووی ڕێگری و بەرهەڵستبوونەوەی دایکەکە لە بەرانبەر گواستنەوەی زۆرەملێی کچەکەی دا بووبوویەوە، دەستڕێژی لەو دایک و کچە کردبوو و هەردووکیانی کوشتبوو. بە گوێرەی زانیارییەکان، بکوژ دوای ڕووداوەکە لە لایەن هێزەکانی تالیبان ەوە دەست بەسەر کراوە.
بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە دوای چەند حەفتەیەک لە ڕووداوەکە ئاگادار کراونەتەوە و ڕێوڕەسمی سەرەخۆشییان لە ڕێکەوتی ١٢ی جۆزەردان دا لە گوندی «کارێزە سەردار» بەڕێوە چووە.