دەست بەسەرکردنی تووندوتیژانەی هاوولاتییەکی کورد و بڵاوکردنەوەی دانپێدانانی زۆرەملێی ناوبراو
PeyamaKurd - دەست بەسەرکردنی تووندوتیژانەی هاوولاتییەکی کورد و بڵاوکردنەوەی دانپێدانانی زۆرەملێی ناوبراو
مەهدی کەریمی، هاووڵاتی خەڵکی مەلەکشاهی و یەکێک لە ناڕازییانی مانگی بەفرانباری ئەو شارە، دوای دەست بەسەرکران بە بەکارهێنانی توەندوتیژی لەلایەن دەزگای ئیتلاعاتەوە، لەژێر ئەشکەنجەدا ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ دژی خۆی کراوە.
ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی جۆزەردان، هێزەکانی ئیتلاعات مەهدی کەریمی هاووڵاتی کورد و خەڵکی خەڵکی مەلەکشاهییان لە شاری مێهران بە بەکارهێنانی تووندوتیژی دەست بەسەر کرد و بۆ شوێنێکی نادیار گواستیانەوە.
جێگای ئاماژەیە که، لە کاتی ناڕەزایەتییەكان لە شاری مەلەکشاهی، وێنەیەک لە مەهدی کەریمی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بووەوە کە ناوبراوی لەسەر کورسییەک لەبەردەم بینای قائیممقامیەتی ئەم شارە نیشان دەدا و ئەم هاووڵاتییە دوای بڵاوبوونەوەی ئەم وێنەیە ماوەی ٤ مانگ لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە لەژێر چاودێری دا بوو.
سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە مەهدی کەریمی لە کاتی دەست بەسەرکران دا بە تووندی لێدراوە و ڤیدیۆیەک لە دانپێدانانە زۆرەملێیەکانی بڵاو کراوەتەوە.