سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و وەزیری بەرگری تورکیا جهختیان له ئاشتی کردەوە
PeyamaKurd - سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و وەزیری بەرگری تورکیا جهختیان له ئاشتی کردەوە
شەممە ٢٠٢٦/٤/١٨ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لە درێژەی دیدار و کۆبوونەوەکانی دا لە کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئانتالیا، لەگەڵ یاشار گولەر، وەزیری بەرگری تورکیا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا دوا پێشھاتەکانی دۆخی ناوچەکە بەگشتی و کاریگەری و لێکەوتەکانی تاوتوێ کران. ھەردوولا جەختیان لە گرینگی بەردەوامی ئاگربەست و بەدیھاتنی ئاشتی و پاراستنی ئارامی و سەقامگیری لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست کردەوە.
وەزیری بەرگری تورکیا ھەڵوێستی ھەرێمی کوردستانی بەرز نرخاند کە نەبووە بەشێک لە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، ھەروەھا داکۆکی لە ھەماھەنگی ھەمەلایەنە بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیری کردەوە. ھەر لەمبارەیەوە ستایشی ڕۆڵی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانی کرد.
لای خۆیەوە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردەوە کە ھەرێمی کوردستان وەک ھەمیشە فاکتەری ئارامی و سەقامگیری دەبێت و خوازیاری پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییە لەگەڵ ووڵاتانی دراوسێ لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی ھاوبەش.
پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان و ھاوکاری ھاوبەشی نێوانیان، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.