TR KU SO
FB X
Kurdistan

فراکسیۆنی پارتی هەڵوێستی فەرمی خۆی ڕادەگەێنێت

سارێ بێ
Sosyal Medya
📅 16 Nisan 2026 02:26

PeyamaKurd - فراکسیۆنی پارتی هەڵوێستی فەرمی خۆی ڕادەگەێنێت

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بایکۆتی کۆبوونەوەی سبەی ئەنجوومەنی پارێزگاکەی راگەیاند و جەختی کردەوە کە ئامادە نین ببنە بەشێک لە هیچ ڕێککەوتنێک کە لە دەرەوەی ئیرادەی راستەقینەی خەڵکی کەرکووک و لە "ژوورە تاریکەکاندا" ئەنجام درابێت.

دەقی بەیاننامەیەکەی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکەوە:

جەماوەری خۆشەویست و تێکۆشەری شاری کەرکووک، کەس و کاری سەربەرزی شەهیدان و نیشتمانپەروەران، ئێمە لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایدەگەێنین کە بەشداری کۆبوونەوەی سبەی (١٦ی نیسان)ی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ناکەین و بایکۆتی دەکەین. ئەم بڕیارەمان تەنها هەڵوێستێکی سیاسی نییە، بەڵکوو درێژەی هەڵوێستە نەتەوەییەکانی پێشوومانە، لەوانە بایکۆتی کۆبوونەوەی هۆتێل ڕەشید؛ چوونکە بڕوامان وایە بڕیاردان لەسەر چارەنووسی کەرکووک لە ژوورە تاریکەکان و بەبێ گەڕانەوە بۆ ئیرادەی ڕاستەقینەی نوێنەرانی شارەکە و دەنگی ئێوەی دڵسۆز، زیان بە پێکەوەژیان و دەسکەوتە نەتەوەییەکان دەگەێنێت.

ئەم بایکۆتە نیشانەی دووربینی سیاسیەتی حەکیمانەی پارتیمانە و پابەندبوونمانە بە ڕێبازی پیرۆزی بارزانی، ئێمە ئامادە نین ببینە بەشێک لە پڕۆسەیەک کە تێیدا نوێنەرانی شەرعی پەراوێز بخرێن و بڕیارەکان لە دەرەوەی ئیرادەی خەڵک بسەپێندرێن. پارتی دیموکراتی کوردستان، وەک هەمیشە ئامادەیە باجی کوردایەتی بدات و سازش لەسەر مافە نەتەوەییەکان نەکات، وەرگرتنی پۆستیش بەلاوە گرینگ نییە ئەگەر باجەکەی پاشکۆیەتی و بێدەنگبوون بێت.

ئێمە وەک چەتری کۆکەرەوەی هەموو پێکهاتەکان دەمێنینەوە و تەنها پشتگیری لە تەباییەکی وا دەکەین کە مافی هەمووان بە دادپەروەری بپارێزێت و کەرامەتی هاووڵاتیانی کەرکووک لە سەروو هەموو شتێکەوە دابنێت.

 

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان

لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک

١٥ی نیسانی ٢٠٢٦

Paylas: