لەسێدارەدانی نهێنی و بێ سەروشوێن کردنی تەرمی دوو بەندکراوی سیاسی کورد
PeyamaKurd - لەسێدارەدانی نهێنی و بێ سەروشوێن کردنی تەرمی دوو بەندکراوی سیاسی کورد
سەرەڕای تێپەڕبوونی چەندین ڕۆژ بەسەر لەسێدارەدانی نهێنی و نادادپەروەرانەی دوو بەندکراوی سیاسی کورد بە ناوەکانی "ناسر بەکرزادە" و "مێحراب عەبدۆڵڵازادە"، دەزگا ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێران تا ئێستا تەرمی ئەم دوو لاوەیان ڕادەستی بنەماڵەکانیان نەکردووەتەوە و بێسەروشوێن یان کردوون.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوێکی مافی مرۆڤ، ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ئێران لە شاری ورمێ، سەرەڕای بێسەروشوێن کردنی تەرمی ئەو دوو لاوە کوردە، ڕێگرییان لە بەڕێوەبردنی هەر جۆرە پرسە و سەرەخۆشییەک بۆ ئەم دوو کەسە کردووە.
کوردپا ئاماژەی بەوە کرد کە بنەماڵەکانیان ناچار کراون ڕێوڕەسمی پرسەکە لە گوندەکانی زێدی خۆیان بەڕێوە ببەن.
هێزە ئەمنییەتییەکان بە بە بنەماڵەی ناسر بەکرزادەیان ڕاگەیاندووە : "کوڕەکەمان لە سێدارە داون و تەرمەکەمان فڕێ داوە، بڕۆن خۆتان بیدۆزنەوە". هەروەها بەرپرسانی بەندیخانەی ورمێ بە ڕاشکاوی وتوویانە هیچ تەرمێک ڕادەست ناکرێتەوە.
ناسر بەکرزادە بە تۆمەتی "سیخوڕی" و مێحراب عەبدۆڵڵازادە بە تۆمەتی بەشداری لە بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" لە سێدارە دران.
کوردپا جەختی کردووەتەوە کە ئەم حوکمانە تەنیا لەسەر بنەمای "دان پێدانانی زۆرەملێ" لەژێر ئەشکەنجەدا و بەبێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی و سەلمێندراو دەرکراون.
حوکمی لەسێدارەدانی ئەم دوو لاوە لە ڕۆژانی ١٢ و ١٣ی بانەمەڕی ١٤٠٥ بەبێ ئاگادارکردنەوەی پارێزەر و بنەماڵەکانیان و بەبێ مافی دوایین چاوپێکەوتن، لە شوێنێکی نادیار جێ بەجێ کراوە.