TR KU SO
FB X
Kurdistan

وەزیری شارەوانی و پارێزگاری هەولێر بڕیاری تووند بۆ ڕێکخستنەوەی پایتەخت دەردەکەن

سارێ بێ
Sosyal Medya
📅 02 Haziran 2026 03:24

PeyamaKurd - وەزیری شارەوانی و پارێزگاری هەولێر بڕیاری تووند بۆ ڕێکخستنەوەی پایتەخت دەردەکەن

بە مەبەستی جوانترکردنی سیمای شار، ڕێک خستنەوەی شەقام و بازاڕە نەتەوەیی یەکان و پاراستنی ژینگەی پایتەخت، دووشەممە، ١ـی حوزەیرانی ٢٠٢٦، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشت وگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان و تایبەتیان کرد.

لەم کۆبوونەوەیەدا کە جێگری پارێزگار، قائیمقامەکانی قەزای ناوەند و عەنکاوە، سەرۆکی شارەوانی هەولێر، بەڕێوبەری گشتی گەشتوگوزار و بەڕێوبەرانی پۆلیس، هاتووچۆ، بەرگری شارستانی، نەخشەدانان، ئەندازەی پارک و باخچەکان و خزمەتگوزاری ژینگەپارێزی ئامادەی بوون، چەندین بڕیاری گرینگ دران.

لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیری شارەوانی جەختی لەسەر سێ خاڵی سەرەکی و بەپەلە کردەوە بۆ پاک وخاوێنی و ڕێکخستنەوەی هەولێر لەوانە، ڕێگری کردن لە دیاردەی ناشارستانی ڕاوەستانی عارەبانە و ئۆتۆمبێلەکان بە شێوەی هەرەمەکی لەسەر شەقامە گشتییەکان، کە بووەتە هۆی جەنجاڵی و پێشێل کردنی مافی هاتووچۆی هاووڵاتیان، سەرۆکایەتی و بەڕێوبەرایەتییەکانی شارەوانی ڕاسپێردران کە پێویستە بەپەلە پلان و نەخشەی نوێ بۆ پاک ڕاگرتنی شار دابڕێژن و هەنگاوی کرداری بنێن و پێویستە بە زووترین کات ناونیشانی نامۆ و زمانی بیانی دووکان، چێشتخانە و شوێنە گەشتیارییەکان بکرێنە زمانی کوردی، ئەم بڕیارەش سەرجەم مێنۆی خواردن و پسوولەکانی حیساباتی چێشتخانەکانیش دەگرێتەوە.

لەلایەن خۆیەوە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر هاوڕای خۆی لەگەڵ بڕیارەکان دەربڕی و ڕایگەیاند کە پێشتر کاری باش لەسەر ئەم سێکتەرانە کراوە، بەڵام پێویستە لەمەودوا کارەکان بە شێوازی کۆدەنگی و بەردەوام بن و تووشی خامۆشی نەبنەوە.

پارێزگاری هەولێر ووتیشی، "هەولێر وەک پایتەختی هەرێمی کوردستان و ناوەندێکی گرنگی ئابووری، گەشتیاری و کلتووری، پێویستی بەوەیە بەردەوام بە پاکی و ڕێکوپێکی بمێنێتەوە. پاراستنی سیمای شارستانی هەولێر کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان، جوانی شار و پاراستنی ژینگە هەیە. بۆیە دەبێت فرۆشیاران ڕێک بخرێنەوە و قەیرانی هاتووچۆ کەم بکرێتەوە."

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، جەخت لەسەر هەماهەنگی تووندی نێوان هێزەکانی ناوخۆ (پۆلیس و هاتووچۆ) و دەزگا خزمەتگوزارییەکان کرایەوە بۆ جێبەجێ کردنی پلانەکە بە شێوازێکی سیستەماتیک، بەشداربووانیش سەرنج و پێشنیازەکانی خۆیان لەو چوارچێوەیەدا خستە ڕوو.

Paylas: