ڕاگەێندراوی هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران سەبارەت بە ئاگربەست
PeyamaKurd - ڕاگەێندراوی هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران سەبارەت بە ئاگربەست
لە کاتێک دا ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ماوەی ٣٩ ڕۆژ لە ناو ئاگری شەڕێکی قورسدابوو؛ ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەژێر زەبری هێرشە تووند و ڕاستەوخۆوەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دابوو، سەرەنجام ڕۆژی سێشەممە، ١٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٥ لە ئاکامی تەسلیم بوونی ڕژیمی ئێران بە ئۆڵتیماتۆمی سەرۆکی ئەمریکا (کە ئەگەر گەرووی هورمز نەکاتەوە ئێران دەگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی بەردین)، ملی بە ئاگربەست دا.
هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستان، وێڕای چاودێری کردنی ووردی بارودۆخەکە، ڕوانگەی خۆی لەم چەند تەوەرەدا دەخاتە ڕوو:
یەکەم : بەرپرسیارییەتی ڕژیم لە جەنگ و ماڵ وێرانییەکان
بەرپابوونی شەڕ و تێکچوونی ئاسایشی ناوچەکە، دەرەنجامی ڕاستەوخۆی سیاستە تێکدەرانەکانی کۆماری ئیسلامییە. ئەم ڕژیمە لە ڕێگەی هەوڵدان بۆ دەستڕاگەیشتن بە چەکی ناوکی، دەستوەردان لە کاروباری ووڵاتان، پەیڕەوکردنی سیاسهتی بهناو ههناردهکردنی شۆڕشی ئیسلامی، پشتیوانی کردنی تیرۆریزم و پەرەپێدانی بەرنامەی مووشەکی و درۆن، جیهانی بەرەو ناسەقامگیری بردووە. ئەم جەنگە بووەتە هۆی زیان گەیاندنی زۆر بە هاووڵاتیان و ئاوارەبوونی هەزاران خێزان.
دووەم:
پێشوازی لە هەر هەنگاوێک دەکرێت کە ببێتە هۆی ڕاگرتنی خوێنڕشتن و پاراستنی گیانی هاووڵاتیانی سڤیل، بەڵام هۆشداری دەدرێت کە ئاگربەست نابێت ببێتە دەرفەتێکی تاکتیکی بۆ ڕژیم تا وەک جارەکانی پێشوو بۆ خۆڕێکخستنەوە و نزیک بوونەوە لە چەکی ئەتۆمی کەڵکی لێ وەربگرێت. هەر ڕێککەوتنێک ئیرادەی گەلانی ئێرانی تێدا فەرامۆش بکرێت، تەنها ئاشتییەکی کاتی و مەترسیدار دەبێت.
سێیەم:
ئاگربەست تەنها کاتێک مانای دەبێت کە ببێتە سەرەتایەک بۆ:
١. کۆتایی هێنانی یەکجاری بە دەستوەردانی سەربازی، هەواڵگری، ڕێکخستن و ئاراستەکردنی ڕژیم.
٢. هەڵوەشاندنەوەی بنەڕەتی بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکان.
٣. پابەندبوون بە بنەماکانی مافی مرۆڤ و داننان بە مافە ڕەواکانی نەتەوەکانی ناو ئێران، بەتایبەت مافی چارەی خۆنووسین بۆ گەلی کورد.
چوارەم:
ئەزموونی ٤٧ ساڵەی تەمەنی کۆماری ئیسلامی ئێران نیشانی داوە کە ئەم ڕژیمە چاکسازی تێدا ناکرێت و تەنها بە گۆڕانکاری بنەڕەتی و دیموکراسی ئارامی بۆ ناوچەکە دەگەڕێتەوە. بزاڤی ڕزگاری خوازی کوردستان، بوون و بەردەوامی و هێزی خۆی لە نەتەوەکەی و ویستی ئازادی و سەروەری وەردەگرێ و بەرهەمی شەڕ و ناکۆکییە نێودەوڵەتییەکان نییە؛ بۆیە نە ئاگربەست و نە ڕێککەوتن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوامییەکەی ڕاناگرێ. هیچ جۆرە ئاگربەست و ڕێککەوتنێکی سیاسی نامان وەستێنێت لە هەوڵەکانمان بۆ گەیشتن بە ئازادی و سەروەری.
سەرکەوێت خەباتی ڕەوای گەلی کورد
هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران
١٨ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦ی کوردی (١٤٠٥ی هەتاوی)
(١٠/٠٤/٢٠٢٦)