زیاد خواردنی زەیتوون قازانجی زیاترە
پەیامی کورد … زیاد خواردنی زەیتوون قازانجی زیاترە
ماڵپەڕی كەیر تووی ئەمریكی چەند زانیارییەكی لەبارەی سودەكانی زەیتونەوە ئاشكرا كردووەو لە زاری پسپۆڕانی خۆراكییەوە باسی لەوە كردووە ئەو خۆراكە تا بە بڕی زیاتر بخورێت سودەكانی زیاتر دەبێت.
پسپۆڕان ئاماژەیان بەوە كردووە، خواردنی زەیتون ئەگەری توشبوون بە چەند نەخۆشییەك كەمدەكاتەوە، بە تایبەت هەوكردن هەستیاریی و چەند جۆرێكی جیاوازی شێرپەنجە.
ماڵپەڕەكە باسی لەوە كردووە، هەوكردن بە هۆكاری توشبوون بە چەندین كێشەی تەندروستی دادەنرێت، بەڵام خواردنی زەیتون لە ڕێژەی ئەو هەوكردنانە كەمدەكاتەوە، چونكە دەبێتەهۆی بەرزكردنەوەی ڕێژەی گلۆتاسیۆن كە ماددەیەكی دژە ئۆكسیدەو ئەگەری توشبوون بە نەخۆشی و كێشە تەندروستییەكان كەمدەكاتەوە.
یەكێكی دیكە لە پێكهاتەكانی زەیتون گلۆكۆسیدە كە تامی تاڵییەكی پێدەبەخشێت، ئەو ماددەیەش دەبێتە هۆی لەناوبردنی بەكتریا زیانبەخشەكانی لەش.
پسپۆڕان باسیان لەوەش كردووە، خواردنی زەیتون دژی نەخۆشی شێرپەنجەیە و چالاكیی ئەو خانانەی لەش كەمدەكاتەوە كە دەبنەهۆی ئەو نەخۆشییە، بەجۆرێك ئەو وڵاتانەی هاوڵاتییەكانی گرنگی بە خواردنی زەیتون دەدەن، ڕێژەی شێرپەنجە تیایاندا كەمترە.
خواردنی زەیتون بەشێوەیەكی گشتی ئەگەری توشبوون بە سەرجەم جۆرەكانی شێرپەنجە كەمدەكاتەوە، بەڵام بەدیاریكراوی زۆرترین كاریگەری لەسەر چەند جۆرێكی هەیە، ئەوانیش بریتین لەشێرپەنجەكانی مەمك و قۆڵۆن.
زەیتون ترشی ئۆلیەك لە پێكهاتەكەیدایە كە جۆرێكی ترشە چەوریی ناتێرە و گەشەی خانە شێرپەنجەییەكانی مەمك ڕادەگرێت، هەروەها ماددەی ئیلیترۆدیۆلی تێدایە كە دژی خانە شێرپەنجەییەكانی قۆڵۆنە.
جگە لەو سودانە خواردنی زەیتون دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی ئەگەری توشبوون بە هەستیارییە وەرزییەكان، هەروەها ڕێگری دەكات لە توشبوون بە جەڵتەی مێشك بەتایبەت گەر زەیتەكەی بەكاربهێنرێت، جگە لە سودەكانی بۆ دڵ و خانەكانی خوێن.