بەرپرسانی ئەورووپا پشتیوانی خۆپێشاندەرانی ئێران و سەرکۆنەی سەرکوتکارییەکان دەکەن
بەرپرسانی باڵای یەکیتی ئەورووپا و چەند ووڵاتێکی ئەورووپی پشتیوانی خۆیان بۆ خۆپێشاندەرانی ئێران دەربڕی و بە تووندی سەرکۆنەی بەکارهێنانی تووندوتیژی و بڕینی ئینتەرنێت دەکەن. کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیتی ئەورووپا ڕایگەیاند، گەلی ئێران بۆ داهاتووی خۆیان دەجەنگن و نادیدەگرتنی داواکارییە ڕەواکانیان "ڕاستی ڕژێمەکە ئاشکرا دەکات."
کالاس ئاماژەی بەوە کرد، بڕینی ئینتەرنێت هاوکات لەگەڵ سەرکوتکردنی خەڵک، نیشانەی "ترسی حکوومەتە لە گەلەکەی خۆی." هاوکات ڕۆبێرتا مێتسۆلا، سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپا، ئازایەتی خۆپێشاندەرانی بە "ئیلهام بەخش بۆ نەوەکان" وەسف کرد و جەختی کردەوە کە جیهان گوێ بیستی هاواری ئازادی خوازی گەلی ئێران بووە.
بیاتە ماینڵ-رایزینگەر، وەزیری دەرەوەی نەمسا، وێڕای سەرکۆنەکردنی تووندوتیژییەکان، تارانى وەبیر هێنایەوە کە وەک ئەندامێکی نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێت پابەندی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ بێت. هەروەها ئۆڵف کریستەرسۆن، سەرۆکوەزیرانی سوێد و بارت دی وور، سەرۆکوەزیرانی بەلجیکا، ڕایانگەیاند کە سەرکوت کردنی داواکارییە بەرحەقەکان بۆ ماوەیەکی درێژخایەن سەرکەوتوو نابێت و "بێ دەنگ کردنی دەنگی ئازادی بە تووندوتیژی، ناپەسندە."
لەلایەکی دیکەوە، یۆهان وادفول، وەزیری دەرەوەی ئاڵمانیا، بەکارهێنانی تووندوتیژی لەڕادەبەدەری دژی خۆپێشاندەرانی ئاشتی خواز سەرکۆنە کرد و داوای لە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران کرد پابەندی بەڵێننامە نێودەوڵەتییەکان بن. ئەم کاردانەوانە لە کاتێکدایە کە ڕاپۆرتەکان ئاماژە بە بەردەوامی خۆپێشاندانەکان و تووندتربوونی ڕێوشوێنە ئەمنییەکان لە شارە جیاوازەکانی ئێران دەکەن.