دەست بەسەرکردنی سێ ئەندامی بنەماڵەیەک لەلایەن هێزە سەركوتكەرەكانەوە لە ورمێ
ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی دیسەمبەری ٢٠٢٥ ، سۆفی ڕۆستەمی، تەمەن ٦٠ ساڵ و خەڵکی بایەنگانی سەر بە پاوە، هاوژینەکەی زەینەب یووسفپوور، تەمەن ٤٩ ساڵ و خەڵکی بووکان و شیلان ڕۆستەمی، تەمەن ٢٣ ساڵ و کچی ئەو ژن و مێردە، لە ماڵە تایبەتییەکەی خۆیان لە ورمێ، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ئەم شارە دەستبەسەر کران.
بە ووتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری هەنگاو، دەست بەسەرکردنی ئەم سێ هاووڵاتییە نزیکەی کاتژمێر ٥ی ئێوارە و دوای هێرشی هێزە بەكرێگیراوەكان بۆ سەر ماڵەکەیان، بەبێ نیشاندانی هیچ بەرگەیەكی دادوەری كراوە.
زەینەب یووسفپوور، خوشکی فەتاح یووسفپوورە، کە ڕۆژی سێشەممە ٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، لە درێژەی هێرشی هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵەكەیان بە تووندوتیژیەکی زۆر دەست بەسەر کرابوو. ناوبراو دوای بیست ڕۆژ دەستبەسەری بە بارمتە و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتایی قۆناغەکانی دادگایی کردن ئازاد کراوە.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیاری وورد سەبارەت بە هۆکارەکانی دەست بەسەرکردن و شوێنی ڕاگیرانیان لە بەردەست دا نییە.