هۆشداری ڕاستەوخۆی ترامپ بۆ تاران ؛ "رێژیمی ئێران لە لێواری داڕمان دایە"

Dîroka Belavkirin :
هۆشداری ڕاستەوخۆی ترامپ بۆ تاران ؛ "رێژیمی ئێران لە لێواری داڕمان دایە"
هۆشداری ڕاستەوخۆی ترامپ بۆ تاران؛ "رێژیمی ئێران لە لێواری داڕمان دایە"

لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی دا لەگەڵ شان هەنیتی لە کەناڵی فۆکس نیووز، دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا بە ئاماژەدان بە هەواڵەکان سەبارەت بە ئەگەری چوونەدەرەوەی عەلی خامنەیی لە ئێران، ووتی كە ڕێبەری كۆماری ئیسلامی واپێدەچێت نیازی جێهێشتنی ووڵاتی هەیە.

ترامپ لە ووڵامی پرسیارەکەی هەنیەتی سەبارەت بەوەی كە هەواڵی پەیوەندیدار بە "پلانی بەدیلی خامنەیی بۆ چوون بۆ ڕووسیا"ی خوێندووەتەوە ووتی؛
"یان شوێنێكی دیكە، بەڵێ. زاهیرەن ئەو مەبەستییەتی بۆ شوێنێك بچێت."

سەرۆکی ئەمریکا لە درێژەدا بە زمانێكی هۆشداری جەختی لەوە کردەوە : ڕەنگە ڕژێمی ئێران لە لێواری ڕووخان دا بێت و ئەگەر تەقە لە خۆپیشاندەران بکەن، ئەمریکا لێیان دەدات.

ئەم لێدوانانە لە کاتێک دایە کە ترامپ لە چەند هەفتەی ڕابردوودا چەند جارێک بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئاگادار کردەوە کە ئەگەر سەرکوت و کوشتنی خۆپیشاندەران پەرە بسێنێت، ئەمریکا هەنگاو دەنێت.

هاوكات ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕایگەیاند کە تا ئێوارەی چوارشەممە ١٧ی بەفرانبار، لانیکەم ٤٥ خۆپیشاندەر کە هەشتیان منداڵن لە سەرکوتی خولی نوێی ناڕەزایەتییەکان بە تەقەی هێزەکانی حکوومەت کوژراون.

لە بەشێکی دیکەی ئەو وتووێژەدا ترامپ بە ئاماژەدان بە سنووردارکردنی تووندی ئینتەرنێت و سانسۆری هەواڵ لە ئێران ووتی؛
"پێویستە ئەو چەند دیمەنانەی کە لە ئێرانەوە بڵاودەکرێنەوە، جیهانی بكرێن، ڕۆژانی هەستیار لە پێشە."

لە كاردانەوە بەو لێدوانانە، جەیسۆن برۆدسکی، سەرۆکی ئەنجوومەنی سیاسەتی “یەکیتی دژ بە ئێرانی ئەتۆمی”، بە بڵاوكردنەوەی وتووێژی ترامپ لەگەڵ هەنیتی، نووسیویەتی کە پێدەچێت سەرۆکی ئەمریکا ڕاپۆرتەكان سەبارەت بە هەوڵی ڕێبەری كۆماری ئیسلامی بۆ جێهێشتنی ووڵات پشتڕاست بکاتەوە . ئاماژەی بەوەش کرد، تا ئێستا ڕوون نییە ئەو لێدوانانە لەسەر بنەمای ڕاپۆرتی میدیایی یان زانیاری دەزگا ئەمنییەکانی ئەمریکا بووە.

بەو حاڵەشەوە، برۆدسكی جەختی کردەوە کە سەبارەت بە جێهێشتنی ووڵات لە لایەن خامنەیی یەوە گومانی هەیە و نووسیویەتی: خامنەیی لە ساڵی ١٩٨٩ەوە ئێرانی بەجێ نەهێشتووە و پێم وایە ئەو لە ئێران دەمرێت.