پەیامی کورد ... هەینی خوێنئاوی لە زاهیدان ؛ هێزەکانی حکوومەتی تەقەیان لە خەڵک کردووە
ماڵپەڕی “حال وەش” بڵاویکردەوە، دوای کۆتایی هاتنی نوێژی هەینی لە شاری زاهیدان ئەمڕۆ ١٩ی بەفرانبار، بریکارەکانی حکوومەت ڕاستەوخۆ تەقەیان لە خەڵک کردووە و گازی فرمێسكڕێژیان تەقاندووە بەهۆیەوە چەند کەسێک بریندار بوون.
بەپێی ئە ڕاپۆرتە، تەقەکردنەکە لەکاتێکدا ڕوویداوە كە دوای نوێژی هەینی هاووڵاتییان لە دەورووبەری شوێنەكە کۆبوونەتەوە. تا ئێستا زانیاری وورد لەسەر ژمارەی بریندارەکان و باری جەستەیی ئەوان بڵاونەکراوەتەوە.
ئەم ڕووداوە دوای شەپۆلی بەردەوامی سەرکوتكردنی تووندوتیژانە لە زاهیدان دێت؛ شارێک کە لە چەند مانگی ڕابردوودا چەندین جار شایەتی پێکدادانی کوشندە لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و خەڵک دا بووە. چاودێران و چالاکوانانی مافی مرۆڤ دەڵێن، بەکارهێنانی چەکی گەرم لە دژی هاووڵاتیانی بێ چەک نموونەیەکی ڕوونی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و سەرکوتی سیستەماتیکە.
سەرەڕای داخستنی ئینتەرنێت ، ڕاپۆرتەكان کە لە زاهیدانەوە نێردراوە ئاماژە بە بەردەوامی تووندوتیژی حکوومەت بەرامبەر بە خۆپیشاندەران دەكەن.