پچڕانی ئینتەرنێتی سەرتاسەری؛ پەیوەندی ئێران بە تۆڕی جیهانی یەوە بۆ 1% دابەزیوە
ڕێکخراوی چاودێری ئینتەرنێتی نێتبلاكس ڕایگەیاند کە ئینتەرنێت لە ئێران بۆ ماوەی ١٢ کاتژمێر بە تەواوی پچڕاوە و پەیوەندی ئەو ووڵاتە بە تۆڕی جیهانی گەیشتووەتە نزمترین ئاستی خۆی.
بەپێی ئەو داتایانەی کە لەلایەن ڕێکخراوەکەوە بڵاوکراونەتەوە، ئاستی پەیوەندی نیشتمانی بە ئینتەرنێتی جیهانییەوە بۆ نزیکەی 1% دابەزیوە؛ دۆخێک کە ئاماژە بە بڕینی نزیکەی تەواوەتی دەستڕاگەیشتن بە بەکارهێنەران لە سەرتاسەری ووڵات دایە.
نێتبلاكس جەختی لەوە کردەوە کە ئەم جۆرە لە داخستنی بەربڵاوی ئینتەرنێت بەزۆری لە کاتی نائارامی و بە ئامانجی پێشگرتن لە زانیاری گەیاندن و پەیوەندی خەڵكی و بڵاوکردنەوەی وێنە و هەواڵ لە ناوخۆی ووڵاتەوە دەکرێت.
داخستنی ئینتەرنێتی سەرتاسەری لە کاتێک دایە کە ژمارەیەکی زۆر لە ڕاپۆرتەکان باس لە بەردەوامی ناڕەزایەتییەکان و زیادبوونی دۆخی ئەمنیەتی لە شارە جۆربەجۆرەکانی ئێران دا دەكەن.