پەیامی کورد ... کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارنامەی پێشنیارکراوی کەنەدای پەسەند کرد کە پێشێلکاری بەربڵاوی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران شەرمەزار دەکات
ڕۆژی پێنجشەممە ١٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١، کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان جارێکی دیکە بە پەسەندکردنی بڕیارنامەیەک کە لە لایەن کەنەدا پێشنیار کراوە، پێشێلکارییە بەربڵاو، سیستماتیک و جیددییەکانی مافی مرۆڤی لە ئێراندا شەرمەزار کرد.
ئەم بڕیارنامەیە بە ٧٨ دەنگی بەڵێ و ٢٧ دەنگی نەخێر و ٦٤ دەنگی بێ لایەن پەسەند کرا. هەروەها ٢٤ ووڵاتیش خۆیان لە دەنگدان بەدوور گرت.
ووڵاتانی وەک ڕووسیا، چین، بیلاڕووس، کووبا، عێراق، پاکستان و ئەندەنووسیا دەنگیان بە دژی بڕیارنامەکە دا، هەریەک لە ئەمریکا، بەریتانیا، ئیسرائیل، فەرەنسا، کەنەدا، ژاپۆن، ئیتاڵیا، بەلجیکا، نەمسا، ئوسترالیا و سوید لە سپۆنسەرە سەرەکییەکانی بڕیارنامەکە بوون.
بڕیارنامەکە پێشتر لە ١٨ی ئەم مانگە لەلایەن لیژنەی سێیەمی ئەنجوومەنی گشتیەوە بە ٧٩ دەنگی بەڵێ و ٢٨ دەنگی نەخێر و ٦٣ دەنگی بێ لایەن پەسەندکرا.
یەکێک لە گرینگترین شتەکانی دەقی ئەمساڵ، شەرمەزارکردنی ئاشکرای سەرکوتی سنوور بەزاندنی کۆماری ئیسلامی لە نەیارانی خۆیەتی. لە بڕیارنامەکەدا هاتووە کە ناڕازییان، ڕۆژنامەنووسان، داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و تەنانەت بنەماڵەکانیان لە دەرەوەی ووڵات ڕووبەڕووی هەڕەشە و چاودێری بەرفراوان و هێرشی ئەلیکترۆنی و فشاری جۆراوجۆری حکوومەتی ئێران دەبنەوە.
هەروەها لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە بنەماڵەکانی ناوخۆی ووڵات وەک ئامرازێک بۆ بێدەنگکردنی ڕەخنەگرانی دەرەوەی ئێران کەڵک وەردەگرن.
هەروەها لە بڕیارنامەکەدا ئیدانەی زیادبوونی ترسناکی لەسێدارەدانەکان لە ساڵی ٢٠٢٥، سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان، سنووردارکردنی تووندی ئازادی ڕادەربڕین و کۆتاییهێنان بە بێ سزای سیستماتیکی پێشێلکارانی مافی مرۆڤ دەکات.
ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و نەیارانی ڕێژیم ئەم پەسەندکردنەیان بە هەنگاوێکی گرینگ بەڵام ناتەواو زانیوە و خوازیاری ڕەوانەکردنی دۆسیەی مافی مرۆڤی ئێران بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش و سەرکردەکانی بە تۆمەتی تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی دادگایی بکرێن.