وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: هیوادارین دانوستانەکانی لوبنان و ئیسرائیل ببێتە هۆی داماڵینی چەک لە حزبوڵڵا

Dîroka Belavkirin :
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: هیوادارین دانوستانەکانی لوبنان و ئیسرائیل ببێتە هۆی داماڵینی چەک لە حزبوڵڵا

 

مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی هەوڵدەدات بۆ بنیاتنانی سیاسەتێکی دەرەکی بەهێز و ئاماژەی بەوەدا کە نووسینگەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئێستا کاریگەری بەرچاویان هەیە.

ڕوبیۆ ئاماژەی بەوەشکرد، ئیدارەی وڵاتەکەی مەیلی ئەوەی هەیە سیاسەتێک بگرێتەبەر بە ئامانجی بەهێزکردنی ئەمریکا و سەلامەتترکردنی سەربازەکانی.

سەبارەت بە بابەتە ناوچەییەکان ڕوونیکردەوە، لە گفتوگۆکانیدا لەگەڵ چەند وڵاتێک لەوانەش ئیمارات، پرسی دابینکردنی چەک بۆ لایەنە دەرەکییەکانی سوودان تاوتوێ کردووە.

ڕوبیۆ هەروەها باسی لە بارودۆخی بەرەی لوبنان کرد و هیوای خۆی دەربڕی کە دانوستانەکانی نێوان لوبنان و ئیسرائیل ببێتە هۆی داماڵینی چەک لە حزبوڵای لوبنان.

سەبارەت بە شەڕی ئۆکرانیا ئاماژەی بەوەدا کە ململانێکان ئاڵۆزە و هیچ بژاردەیەکیان نییە لە نێوان هەردوولا جگە لە پەنابردنە بەر دانوستان.

سەبارەت بە غەززە، ڕوبیۆ ڕایگەیاند کە ئاگربەست بەدیهاتووە، جەختیشی لەوە کردەوە کە قۆناغی داهاتوو هێشتا پێویستی بە چەندین هەنگاو هەیە. ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە گفتوگۆ لەگەڵ چەند وڵاتێک سەبارەت بە هێزێکی سەقامگیری نێودەوڵەتی لە غەززە لە ئارادایە.

ڕوبیۆ جەختی لەوە کردەوە کە ئەمریکا ڕۆڵی نێوەندگیری دەبینێت بۆ دوورخستنەوەی جنۆکەی شەڕەکان لە زیاتر لە ناوچەیەک لە سەرانسەری جیهان، هۆشداریشیدا لەوەی ئەگەر حەماس لە داهاتوودا بتوانێت هەڕەشە لە ئیسرائیل بکات یان هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل، ئەوا چێژ لە ئارامی نابینێت.