وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا نووسیویەتی; ئەمریکا پشتیوانی لە هەوڵەکانی گەلی ئێران و دەنگی ئەوان دەکات
لە کاردانەوە بە ناڕەزایەتییەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی ئێران، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا نووسیویەتی; ئەمریکا پشتیوانی لە هەوڵەکانی گەلی ئێران و دەنگی ئەوان دەکات.
هەژماری فارسی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی دووشەممە لە سۆشیال میدیا نووسیویەتی لەگەڵ دابەزینی بەرچاوی بەهای تمەن و سەرەڕای تووندوتیژی بریکارەکان دەنگی ئێرانییە ئازاکان بەرزە و ناڕەزایەتییەکی بەرچاو نیشان دەدەن.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەروەها نووسیویەتی، ناڕەزایەتییەکانی تاران و چەند شاری دیکه لەوانە; هەمەدان، مەشهەد، ئیسفەهان، زەنجان و مەلارد، نیشان لە ئازایەتی بەرچاوی ئێرانییەکانه که له سیاسەته شکست خواردووەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بێزارن.
لەلایەکی دیکەوە، مایک والتز، باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی دووشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: گەلی ئێران ئازادییان دەوێت، ساڵانێکە بەدەست ئایەتوڵڵاکانەوە ئازار دەچێژن. ناوبراو لەم بەیاننامەیەدا ووتی: ئێمە لەگەڵ ئێرانییەکانین کە لە تاران و لە سەرانسەری ئێران دژی حکوومەتێکی تووندڕەو ناڕەزایەتی دەردەبڕن.