ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق : نەبوونی بوودجە کێشە بۆ مووچەی هەرێم درووست ناکات

Dîroka Belavkirin :
ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق : نەبوونی بوودجە کێشە بۆ مووچەی هەرێم درووست ناکات
پەیامی کورد    ...   ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق : نەبوونی بوودجە کێشە بۆ مووچەی هەرێم درووست ناکات

ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێ، هەرێمی کوردستان سەرجەم پابەندییە داراییەکانی خۆی، جێبەجێ کردووە و هیچ کۆسپێکی یاسایی لەبەردەم ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دا نییە دەشڵێ، حکوومەتی ئێستای عێراق کاربەڕێکەرە و پێکهێنانی کابینەی نوێش کاتی پێویستە، بۆیە پێشبینی دەکرێت عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٦ نەتوانێت لە کاتی خۆیدا یاسای بوودجە پەسەند بکات." 

سیپان شێروانی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەتدا ڕایگەیاند، "بەهۆی ئەوەی حکوومەتی ئێستای عێراق حکوومەتێکی کاربەڕێکەرە و پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێش کاتی پێویستە، پێشبینی دەکرێت عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٦ نەتوانێت لە کاتی خۆیدا یاسای بوودجە پەسەند بکات."

شێروانی ئاماژەی بەوەش کرد کە لە بارودۆخی وادا، یاسای کارگێڕی دارایی عێراق میکانیزمی "یەک لەسەر دوازدە" (١/١٢) جێ بەجێ دەکات، کە ڕێگە بە حکوومەت دەدات خەرجییە بنەڕەتییەکان و مووچە بەپێی بوودجەی ساڵی پێشوو بەردەوام بکات تا ئەو کاتەی یاسای نوێ پەسەند دەکرێت.

سەبارەت بە گرفتەکانی سەر پشکی هەرێم، شێروانی جەختی کردەوە کە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەستراوەتەوە بە بڕیارێکی دادگای فیدراڵی و نابێت تووشی هیچ پەککەوتنێک بێت. ووتیشی، "هەرێمی کوردستان سەرجەم پابەندییە داراییەکانی خۆی، لەوانە ڕادەستکردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی، جێ بەجێ کردووە. لەبەر ئەوە، پێویستە بەغداش هاوشانی پارێزگاکانی تری عێراق، مانگانە شایستە داراییەکانی هەرێم ڕەوانە بکات."

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران باسی لەوەش کرد کە هیچ پارێزگایەکی عێراق وەک هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی بەرامبەر بە ناوەند جێ بەجێ نەکردووە. ئەم پابەندییە وای کردووە کە هەر جۆرە بڕین یان دواخستنێکی مووچە، پاساوی یاسایی نەمێنێت. شێروانی دووپاتی کردەوە کە تا کاتی دەست بەکاربوونی حکوومەتی نوێ و داڕشتنی دیدگای نوێ بۆ بودجە، پرۆسەی ناردنی مووچە بەبێ گرفت بەردەوام دەبێت.