دەست بەسەرکرانی ٢٧ هاووڵاتی لە کرماشان، هەرسین و سەرپیڵ

Dîroka Belavkirin :
دەست بەسەرکرانی ٢٧ هاووڵاتی لە کرماشان، هەرسین و سەرپیڵ
  • دەست بەسەرکرانی ٢٧ هاووڵاتی لە کرماشان، هەرسین و سەرپیڵ

دوابەدوای دەسپێکی ناڕەزایەتییەکان و لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییان لە پارێزگای کرماشان بە ئامانجی زاڵ کردنی کەشی سەرکوت و ئەمنییەتی بەسەر کۆمەڵگەدا، لە ماوەی سێ ڕۆژدا ٢٧ هاووڵاتی لە کرماشان، هەرسین و سەرپیڵ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

بە گوێرەی زانیارییەکان لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بەپێێ ئامارەکان ١١ لە کرماشان، ٨ کەس لە هەرسین و ٧ کەس لە سەرپیڵ و یەک کەس لە شەهئاباد دەستبەسەر کراون و بۆ شوێنی نادیار ڕاگوێزراون.

بەپێی زانیارییەکان، دەستبەسەرکراوانی کرماشان بریتین لە: یوونس جەمشیدی، میلاد شیرازی، نەوید ڕۆستەمی و مەهسا زارعی.

لە ڕۆژی ١١ی سەرماوەزی ١٤٠٤دا، هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم باسیان لە دەستبەسەرکرانی ٧ کەس لە کرماشان لە پێوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکاندا کرد و ئەوانیان "سەر بە گرووپە دژبەرەکان و ئۆپۆزسیۆنی دەرەوەی ووڵات" ناو برد. لەم میدیایانەدا ئاماژەیەک بە ناوی کەسەکان نەکراوە و سەبارەت بە چارەنووسیان زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

لە هەرسین بەپێی ئامارەکان ٨ کەس دەستبەسەرکراون و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون کە بریتین لە: ڕەحمان ئازەرەنگ، سەجاد کاکایی، شاپوور ڕەشیدی و مێهدی بالی، محەممەدمێهدی کەرەمی، زاهێد ئەفشاری، یووسف کاکاوەند و نوورەدین مووسا‌زاده.

لە شاری سەرپێڵ، ٧ هاووڵاتی به ناوەکانی مێهدی کەریمی، جەبار جەمشیدی، قائم بەدری، مەسعوود ئاقایی، ئەحەد مورادی، ئێسفەندیار سەروەری وعەسکەر نەجەفی دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییانە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزەکانی رێژیمیش ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.

پێویستە بوترێ کە لە کۆماری ئیسلامی ئێران دا، دەستبەسەرکراوانی سیاسی لە قۆناغەکانی دەستبەسەرکران دا بە شێوەی سیستەماتیک لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و تەنانەت مافی پێوەندی تەلەفۆنی بێبەری دەکرێن. لە حاڵەتگەلێکی کەم وێنەدا، لەژێر فشار و بەدواداچوونە بەردەوامەکانی بنەماڵەکاندا، تەنیا ئیزنی پێوەندیگەلی چەند چرکەیی دەدرێت کە لە کوردستاندا دەستبەسەرکراوان تەنانەت ئیزنی قسەکردن بە زمانی داکیشیان نییە و تەنیا لە چەند وشەدا و بە زمانی فارسی و بە بوونی هێزە ئەمنییەتییەکان ئیزنیان هەیە کە ڕایبگەیێنن کە "دەستبەسەر کراون و باشن."

ناڕەزایەتییەکانی ئەمساڵ لە ٧ی بەفرانباری ١٤٠٤ـەوە لە بازاڕی گەورەی تاران دەستیان پێ کرد، و کاسبکاران لە کاردانەوە بە دابەزینی نرخی ڕیاڵ، هەڵاوسانی زۆر و گرانی کاڵا سەرەکییەکان، دووکانەکانیان داخستن و ئەم مانگرتنە بەخێرایی بوو بە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی سەر شەقامەکان. لە ڕۆژانی دواتردا، ناڕەزایەتییەکان گەیشتنە زیاتر لە ١٠ هەتا ١٥ شار لەوانە، تاران، ئێسفەهان، مەشهەد، شیراز، کەرەج، هەمەدان، کرماشان، ئەهواز، ئەراک، نەجەف ئاباد، فوولادشار، مارلیک، ئیزە، نوورئابادی مەمەسەنی، فەسا، یەزد، زەنجان و قوم.

 پرسی سەرەتایی ناڕەزایەتییەکان ئابووری و بژیو بوو، بەڵام ووردە ووردە لە زۆربەی شارەکاندا بوو بە ڕەخنەگرتن لە سیاسەتەکانی ڕێژیم و درووشمگەلێک دژی نیزام و ڕێبەرەکانی.