پەیامی کورد ... نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق : هێزەکانی عێراق کەوتوونەتە ئینزار و بۆ هەموو ئەگەرەکان ئامادەن
نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق ڕایدەگەێنێت، کە تێکچوونی دۆخی ئەمنی سووریا و ئازادبوونی زیندانیانی داعش، مەترسییەکی گەورە بۆ سەر عێراق درووست دەکات و بۆ ئەو مەبەستەش هێزە ئەمنییەکان لەوپەڕی ئامادەباشیدان.
لیوا فایق مزووری، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەتدا ڕایگەیاند : "ئازادبوونی چەکدارانی داعش لە زیندانەکانی سووریا هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە. لە بەرامبەر ئەمەدا، هێزە ئەمنییەکانی عێراق کەوتوونەتە ئینزار و تەواوی سنوورەکان بە شێوەیەکی تۆکمە کۆنترۆڵ کراون."
مزووری ئاماژەی بەوەش کرد، کە عێراق بەدرێژایی سنوورەکان هێزی زیاتری جێگیر کردووە و کامێرای چاودێری پێشکەوتووی داناوە. ووتیشی: "ئێستا سەرجەم هێزەکان لە حاڵەتی ئامادەباشیدان بۆ چاودێریکردنی جووڵەی ئەو زیندانیانە و زانینی ئامانجەکانیان. هەرچەندە تا ئێستا دیار نییە هاتوونەتە ناو خاکی عێراق یان نا، بەڵام چاوکراوەیی یەکی زۆر هەیە بۆ ڕێگریکردن لە هەر دزەکردنێک."
نوێنەری حکوومەتی هەرێم لە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان جەختی کردەوە، کە تێکچوونی دۆخی سووریا ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر عێراق دەبێت، چوونکە بەشێکی زۆری ئەو داعشە زیندانی کراوانە عێراقین. هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە "هاتنیان بۆ ناو عێراق زۆر ئەستەمە بەهۆی قایم کردنی سنوورەکان، لەگەڵ ئەوەش دا، مەترسییەکە بە هەند وەرگیراوە و عێراق لە ڕووی هەواڵگرییەوە خۆی بۆ هەموو ئەگەرەکان ئامادە کردووە."