پەیامی کورد ... کچە وەرزشوانێکی کورد ئاڵای کوردستان دەخاتە کتێبێکی دانیمارکی یەوە
لە ووڵاتی دانیمارک، کچە وەرزشوانێکی کورد بەناوی "ڤالێنتینا ماهر جەمیل"، بەهۆی لێهاتوویی بێ وێنەی لە بواری وەرزشی جمناستیک و پابەندبوونی بە خوێندنەوە، چیرۆکەکەی دەچێتە ناو کتێبێکی پرۆگرامی خوێندنەوە، لەسەر داوای تایبەتی خۆیشی، ئاڵای کوردستان لە تەنیشت دەقەکەدا چاپ دەکرێت.
ڤالێنتینا تەمەنی ١٤ ساڵە و لە بنەڕەتدا خەڵکی گوندی "قوجەمان"ی سەر بە عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستانە، هەرچەندە لە تەمەنی دوو مانگییەوە لەگەڵ خێزانەکەی گەیشتووەتە دانیمارک، بەڵام توانیویەتی پارێزگاری لە ناسنامەی نەتەوەیی خۆی بکات. ئەو لە تەمەنی چوار ساڵی یەوە دەستی بە جمناستیک کردووە و تا ئێستا لە کۆی ٩ پاڵەوانییەتی، ٧ مەدالیای زێڕ و ٢ میدالیای زیوی بەدەست هێناوە.
بەهۆی ئەوەی ڤالێنتینا نموونەی قوتابییەکی سەرکەوتوو بووە، خوێندنگەکەی بڕیاریان دا چیرۆکەکەی لە کتێبێکی وانەوتنەوەدا بڵاوبکەنەوە و کاتێک مامۆستاکەی لەبارەی ئاڵای کوردستان پرسیاری لێکردووە، ئەو داوای کردووە لەپاڵ چیڕۆکەکەی ئاڵای کوردستان دابندرێت.