قوربانیانی لافاوەکەی ئێران ٥٠ کەسی تێپەڕاند
پەیامی کورد... قوربانیانی لافاوەکەی ئێران ٥٠ کەسی تێپەڕاند
سەرۆکی دەستەی بەهاناوەچوون و ڕزگارکردنی سەر بە مانگی سووری ئێرانی ڕایگەیاند، ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی باران و لافاوەکەی ئەمدواییەوە کە ژمارەیەک لە پارێزگاکانی ئێرانی گرتەوە بۆ ٥٦ کەس بەربووەتەوە، سەرەڕای بێسەروشوێن بوونی ١٨ کەسی دیکە.
مەهدی وەلی پوور بە ئاژانسی ئیرنای فەرمیی ئێرانی ڕاگەیاندووە، لە ڕۆژی ٢٣ی مانگەوە لافاوەکە گەیشتووەتە ٢١ پارێزگای ئێران، ئەو پارێزگایانەشی زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە تاران، لوڕستان، یەزد، ئەسفەهان و بەختیارین.
شەپۆلێکی بەخووڕی بارانبارین کە لە هەفتەی ڕابردووەوە ئێرانی گرتووەتەوە بووە هۆی دروستبوونی لافاو لە بەشێک لە پارێزگاکانی ئەو وڵاتە، بە هۆییەوە ٥٦ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٨ کەسیش بێسەروشوێن بوون.
عەبدولڕەحیم موسەوی فەرماندەی هێزە وشکانییەکانی ئێران فەرمانی بە هێزە وشکانییەکان دا لە حاڵەتی ئامادەباشیدابن لەو ناوچانەی لافاو گرتوویەتییەوە.
باران و لافاوەکەی هەفتەی ڕابردووی ئێران بە خراپترین کارەساتی باران و لافاو دادەنرێت لە چەند ساڵی ڕابردووی ئەو وڵاتەدا.
بەر لە دەستپێکردنی باران لەو وڵاتە، دەسەڵات و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئێران خەڵکیان لە ئەگەری بەهێزی باران و دروستبوونی لافاو ئاگادار کردەوە، لەگەڵ ئەوەشدا خەڵک ڕەخنەی توند ئاراستەی دەسەڵات دەکەن بەوەی هۆشدارییەکانیان درەنگ وەخت بووە.