مەلایەکی ئێرانی داوا دەکا کۆمەڵگا بۆ ژنانی بێ چارشێو نا ئەمن بکرێت
پەیامی کورد ... مەلایەکی ئێرانی داوا دەکا کۆمەڵگا بۆ ژنانی بێ چارشێو نا ئەمن بکرێت
پێشنوێژی هەینیی شاری ئیسفەهان لە ئێران بە ئاماژەدان بەو کەسانەی کە دژ حیجابی زۆرەملێ ڕادەوەستن داوای کردووە کە کۆمەڵگا بۆ ئەو کەسانە نائەمن بکرێت.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕاگەیاندنەکانی ئێران، ڕۆژی هەینی ١١ی ڕەزبەر، "یووسف تەباتەبایی نژاد"، داوای کردووە کە لقێکی تایبەت بە پێڕاگەیشتن بە دۆسییەی بەناو "بایەخشکێنیی ئەخلاقی" لە دادگاکاندا بۆ پاڵپشتی لە ئەو کەسانە دابنرێت کە بەناوی "ئەمری بە مەعرووف و نەهی لە مونکەر"ەوە ژنان لە کۆمەڵگادا دەخەنە ژێر گوشارەوە.
ئەو ئاخوندەی هەروەها وتوویەتی دەبێ لەگەڵ "دەستدرێژیکەران بە مافی خەڵک" بەپێی حوکمی ئیسلام بەرەڕوو ببنەوە و وتوویەتی: "دەبێ پێش بە کەسانێک بگیردرێت کە ترسێکیان لە یاساشکێنی نییە".
ئاخوند تەباتەبایی نژاد داوای کردووە دەسەڵاتی زیاتر بە هێزەکانی ئینتیزامی بدرێت بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو کەسانەی دژ حیجابی زۆرەملێ دەوەستنەوە.
ئەو ئاخوندە جارێکی دیکە جەختی کردووەتەوە دەبێ کۆمەڵگا بە شێوەیەک بۆ ئەو کەسانەی کە حیجابی زۆرەملێ قبووڵ ناکەن نائەمن بکریت کە نەتوانن بە ئاسانی لە شەقام و شوێنە گشتییەکاندا دەرکەون.